سەردێر

” زەبری كوشندە لە پڕۆسەی هەناردە كردنی نەوتی هەرێم دەدرێت”

خەڵك-

مامۆستایەكی زانكۆ ڕایدەگەیەنێت، هۆشداریماندا لەمەترسی كۆنتڕۆڵكردنەوەی هەر دوو كێڵگەی نەوتی عەینزالە وخورمەڵە لەلایەن عیراقەوە، بەهۆی جوڵاندنی سكاڵای یاساییش لەلایەن كۆمپانیای باكوور، زەبرێكی كوشندە دەبێت لەپڕۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، چونكە هەم بڕی هەناردەكردنی نەوتەكە كەمدەكاتەوه وهەم كوالێتی نەوتی هەرێمیش بەبێ نەوتی ئەم دوو كێڵگەیە زۆر بەرەو خراپی دەچێت.

ڕەعد ڕەفعەت، مامۆستای زانكۆ لەبارەی بەیاننامەی كۆمپانیای نەوتی باكوور بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە توێژینەوەیەكماندا لێكەوتەكانی بەردەوامی عینادی بەرپرسانی هەرێم بەرەتكردنەوەی بڕیاری دادگا، هۆشداریماندا لەمەترسی كۆنتڕۆڵكردنەوەی هەر دوو كێڵگەی نەوتی عەینزالە وخورمەڵە لەلایەن عیراقەوە كە دوای نوسینەوەی دەستوری عیراقی ساڵی 2005 كەوتۆتە ژێردەستی حكومەتی هەرێم وبەبێ ڕەزامەندی حكومەتی عیراق كۆنتڕۆڵی كردووە.

دەشڵێت، كۆمپانیای نەوتی باكور لە بەیاننامەیەكدا باسی لەوەكردووە كە بەهۆی ئەو زیادەڕۆییانەی لەلایەن حكومەتی هەرێم كراوەتە سەر كێڵگە نەوتییەكانی سەربە كۆمپانیاكەیان لەوانە كێڵگەكانی (خورمەڵە، ئاڤانا، سەفیە، كۆرمۆر)، سكاڵای یاساییان لە دادگا عیراقییە تایبەتمەندەكان‌ جووڵاندووە و هێشتا ئەو سكاڵایانە لەبەردەم دادگای عیراقیدان.

ئەو مامۆستایە پێی وایە، ئەم هەنگاوەی كۆمپانیای باكوور زەبرێكی كوشندە دەبێت لەپڕۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، چونكە هەم بڕی هەناردەكردنی نەوتەكە كەمدەكاتەوه وهەم كوالیتی نەوتی هەرێمیش بەبێ نەوتی ئەم دوو كێڵگەیە زۆر بەرەو خراپی دەچێت وكڕیاری نابێت.

ئەوەش دەخاتەڕوو، بەپێی زانیارییە نافەرمیەكان تەنها هەردوو كێڵگەی كۆرمۆر وخورمەڵە نزیكەی ٤٢٪‏ ی نەوتی كوردستان بەرھەم دەھێنن وسەرچاوەی زۆربەی كارەباو غازی هەرێمیشن، ئەگەر ئەوەبكرێت بێ گومان كاریگەری زۆر خراپی لەسەر مووچە وخزمەتگوزاریەكان وكۆی بژێوی خەڵك دەبێت.