سەردێر

وردەكاری ڕێكارەكانی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل لە هەرێم بڵاوكرایەوە

خەڵك-

تابلۆی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و لە سیستمە نوێیەكەدا جگە لە گۆڕینی قەبارەی تابلۆكە، ناوی پارێزگاكانی لەسەر لادەبرێت و لەبری ئەوە بۆ هەر پارێزگایەك پیتێك دانراوە، وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر وردەكارییەكەی دەخاتە ڕوو.

لەبارەی سیستمی نوێی ئۆتۆمبێلەوە فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی ڕاگەیاندووە، لە سیستمە نوێیەكەدا جگە لە گۆڕینی قەبارەی تابلۆكە، ناوی پارێزگاكانی لەسەر لادەبرێت و لەبری ئەوە بۆ هەر پارێزگایەك پیتێك دانراوە و لەگەڵ ناوی عێراق و بۆپاراستنی تایبەتمەندییەكانی هەرێم و جیاكردنەوەی لە عێراق، لەسەر تابلۆكانی هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان دەنووسرێت (KR).

هاووڵاتیيان چۆن ژمارەی تابلۆكانیان بزانن؟

فازڵ حاجی، ئەو تابلۆیانەی كە ئێستا تەرخان كراون لە ژمارە (1 تا 99999) پیتی (A) بۆ ژمارەكە زیاد دەكرێت و هەمان ژمارەی خۆی بۆ تەرخان دەكرێتەوە.

ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە ئێستا تابلۆیان بۆ تەرخان كراوە لە ژمارە (100,000، 200,000، 3000,000، 400,000، 500,000، 600,000، 700,000، 800,000، 900,000) دووبارە تابلۆیان بۆ تەرخان دەكرێتەوە و ژمارەی دوەم لە لای چەپ لادەدرێت و پیتی (M)ی بۆ زیاد دەكرێت.

ئەو ئۆتۆمبێلانەی ئێستا تابلۆیان بۆ تەرخان كراوە لە ژمارە (100,001) تا دوایین ژمارە دوبارە تابلۆیان بۆ تەرخان دەكرێتەوە و ژمارەی دووەم لە لای چەپ لادەدرێت و پیتێكی بۆ زیاد دەكرێت بە پێی ئەم پیتانەی خوارەوە به ‌پێی ژمارەی دوەم كە لابراون (0B, 1C, 2D, 3E, 4F, 5G, 6H ,7J, 8K, 9L).

ژمارەی سێیەم لە لای چەپ لادەبرێت ئەگەر لابردنی ژمارەی دووەمی لای چەپ ببێتە هۆكار بۆ ئەوەی كە گشت ژمارەكانی تابلۆ وەك یەك لێ بێت (ژمارەی نایابی وەك یەك) و پیتی (M)ی بۆ زیاد دەكرێت.

ـ تەنیا پیتی (i)ی كەپیتاڵ بەكار ناهێنرێت، چونكە بە ژمارە (1) دەخوێندرێتەوە و ئەمەش لە سیستەمی جیهانی وایە.

بۆ گۆڕینی تابلۆی كۆن چەند پارە پێویستە؟

فازڵ حاجی: پێشتر ئەو دو تابلۆیەی كە هاووڵاتی لە ئۆتۆمبێلەكەی دەبەست، 50 هەزار دیناری تێدەچوو، بەڵام بۆ ئەم تابلۆ نوێیە 60 هەزارە. بۆ ئەو ئۆتۆمبێلەی كە پێشتر تۆمار كرابێت، ئەگەر ساڵیانەكەی بەسەر چو بێت، 60 هەزار دینار و سزای بەسەرچونەكەی تێدەچێت، بەڵام ئەگەر بەسەر نەچوبێت و هاووڵاتی خۆی بیەوێت نوێی بكاتەوە تێچووەكەی دەبێتە دوو هێندە.

بە كام تابلۆ سەفەر بۆ دەرەوەی وڵات دەكرێت؟

فازڵ حاجی: ئەگەر هاووڵاتی خۆی بێت و داوای تابلۆی نوێ بكات بە مەبەستی سەفەركردنی بۆ دەرەوەی وڵات، ئەوا ئەو تابلۆیەی پێ دەدرێت كە پێشتر دەدرا بۆ سەفەر، بەڵام ئەگەر ئۆتۆمبێلەكەی تازە تۆمار كرابێت و یا خۆی بخوازێت، بە سیستەمی نوێ تابلۆی پێ دەدرێت و دەتوانێت سەفەری پێ بكات، هەرچەندە پێویستیشی بە دەفتەری چونە دەرەوەی گومرگ دەبێت. سەبارەت بە گەشتكردن بۆ ناوەراست و خواروی عێراق، هاووڵاتی بەم تابلۆ نوێیە زۆر بە ئاسایی دەتوانێت سەفەر بكات، چونكە ئەم سیستەمە لە تەواوی عێراق وەك یەكە.

كڕین و فرۆشتن بە تابلۆ نوێیەكە دەكرێت؟

 

فازڵ حاجی: كڕین و فرۆشتن بە ئۆتۆمبێلەوە دەكرێت، بەڵام بۆ بەناوكردن و مامەڵەی گواستنەوەی خاوەنداریەتیی ئۆتۆمبێلە ژمارە نوێیەكە، لە شارەكەی خۆیان دەبێت.

 

ئۆتۆمبێلە لێدراوەكان تابلۆی نوێیان پێ دەدرێت؟

فازڵ حاجی: لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی ژمارەی كاتین و شاسییان لێ دراوە، لە كوردستان و دوبەی پشكنینی هاتوچۆیان بۆ دەكرێت. هەر ئۆتۆمبێلێك لە ئەمریكا و ئەوروپا هێنرابێتە هەرێمی كوردستان، ئەگەر لەرێگەی دوبەی لێدرابێت پشكنین و هەزەیان بۆ دەكرێت، گەر كێشەیان لە شاسییەكانیان نەبێت ڕاستەوخۆ تۆمار دەكرێن، بەڵام لە بونی هەر تەقین و بڕینەوەیەك لە شانسییەكەیان، تۆمار ناكرێن.

ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل كە هەیە، كێشەی بۆ خەڵك دروست كردوە. ئێستا حكومەت هەوڵی چارەسەركردنی دەدات و كێشەكە گەیەنراوەتە وەزارەتی ناوخۆ و لەوانەیە لە ئایندەیەكی نزیك چارەسەرێك بدۆزرێتەوە.

 

هەر تابلۆیەكی نوێ بە چەند خولەك دروست دەكرێت؟

فازڵ حاجی: ماوەی دروستكردنی تابلۆكان و كاتی وەرگرتنەوەیان زۆر كەم بووەتەوە. كاتێك هاوڵاتی مامەڵەكەی تەواو دەكات پسولەكەی وەردەگرێت، ڕاستەوخۆ دەچێت بۆ كارگەی دروستكردن و بەستنی تابلۆ و لەماوەی نیو كاتژمێر بۆی تەواو دەكرێت.

 

ئەگەر هاووڵاتی تابلۆكەی وون بوو، چی بكات؟

فازڵ حاجی: ئەگەر یەكێك لە تابلۆكان ون بێت ئەوە لەلای پۆلیسی وونبووەكان پەڕاوێك دەردەچێت بۆ وونبونی یەك لە تابلۆكان و ئەو كات دروست دەكرێتەوە، بەڵام ئەگەر هەردو تابلۆكە وون بن، ئەوە مانای ئەوەیە كە دزراوە، چونكە لەیەك كاتدا هەردو تابلۆكە ون نابن، بۆیە لەوكاتەدا پەڕاوی بنكەكانی نەهێشتنی تاوان و پۆلیسی دەوێت.

تۆماری تایبەتمەند چۆنە؟

فازڵ حاجی: ئەگەر هاووڵاتی بیەوێت یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی خۆی بۆ نمونە پیتی ناوی خۆی یان كەسێكی ئازیزی یا منداڵێكی لەسەر تابلۆكە دابنێت، ئەوە ڕسوماتی دەوێت كە بڕەكەی دو ملیۆن دینارە. سەبارەت بە ساڵی لەدایكبون یان تابلۆ ناوازەكان ئەوانە مەزاد دەكرێن بەپێی سیستەمی هەمو عێراق، ئەوكاتە هاووڵاتی بەشدار دەبێت و هەر كەسێك زیاتر پارەی پێ بدات دەدرێت بەو، چونكە بۆ ساڵی لەدایكبون بەهەزاران كەس لە ساڵێكی دیاریكراو لەدایك بون، بەڵام تابلۆكە دەدرێتە تەنیا یەك كەس، بۆیە مەزادی بۆ دەكرێت و بەگوێرەی پارەكە وەری دەگرێت، ئەو پارەیەش دەچێتەوە سەر داهات و وەك پەرەپێدانی هاتوچۆ خەرج دەكرێتەوە بۆ شارەكان.

پاڵپشت بە بڕیارەكانی یاسای كڕین و فرۆشتنی مۆڵك و ماڵی دەوڵەت دەبێت بە ئامادەبونی نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ و دارایی و بەرێوەبەرایەتیی هاتوچۆ بێت. پێش لە مەزادەكەش ئاگاداری بۆ ژمارەكە و كاتی مەزادەكە ئاگاداری بۆ دەكرێت لە میدیاكان.

 

قەبارەی تابلۆكان گۆڕانی بەسەردا دێت؟

فازڵ حاجی: قەبارەی تابلۆ نوێیەكە لەگەڵ تابلۆكانی پێشتر جیایە، تابلۆ نوێیەكە دوو جۆرە. جۆرێكیان درێژیەكەی 52 سانتیمەتر بە 12 سانتیمەترە و جۆری دوەمیشیان بچوكتر و شێوەی لاكێشەییە، بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی سیستەمی ڕاداریان هەیە یا كێشەی شوێنی تابلۆیان هەیە، دەتوانن ئەوە داوا بكەن و بیبەستن.