خەڵك
بڕیاربوو سبەینێ فێستیڤاڵی زستانەی سلێمانی بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی سەرماو نالەباری كەش و هەواوە دواخرا بۆ مانگی داهاتوو، ماوەی 7 ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
ساكار حەمە كەریم، ئامادەكاری فێستیڤاڵی زستانەی سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بڕیار بوو سبەینێ 26\1\2022 فێستیڤاڵی زستانەی سلێمانی لە كارگەی جگەرەی سلێمانی بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی سەرماو نالەباری كەش و هەواوە دواخرا بۆ مانگی داهاتوو.
ساكار ئەوەشی وت، تا ئێستا 53 كەس ناوی خۆی تۆماركردووە بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵەكەدا و ژمارەیان لە زیادبوندایە، زۆرێك لە بەشداربووان لە دەرەوەی سلێمانییەوە دێن و ڕێگاكەیان سەختە بەهۆی نالەباری كەش و هەواوە بۆیە بە ڕەزامەندی بەشداربووان بڕیارماندا فێستیڤاڵەكە بۆ 1\2\2022 دوابخەین.
وتیشی، ئامادەكارییەكانی فێستیڤاڵەكە هەمووی تەواو بووە، هەموو بەرهەمێكی تێدایە كە زۆرترینیان بەرهەمی ناوخۆیە و بەرهەمی گوندەكان و كاری دەستی خانمانە، بەرهەمی هاوردەشی تێدایە لەبەر ئەوەی بەرهەمی زستانەی ناوخۆ كەمە بۆ فێستیڤاڵێكی لەو شێوەیە.كاری خانمانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیشی تێدایە.
ئاماژەی بە ئەوەشكرد، ئامانجی فێستیڤاڵەكە برەودانە بە بەرهەمی ناوخۆ و ئەو داهاتەی دێتە فێستیڤاڵ دەچێتە دەستی خاوەنكاری خۆماڵییەوە ئەوان سودی لێدەبینن وەك لەوەی ئەو پارەیە بڕواتە دەرەوەی هەرێم و كەسانی بیانی لێی سودمەند ببن.