سەردێر

نرخی عومرە كەمدەكرێتەوە

لە ئێستادا 900 بۆ 1000 دۆلارە

خەڵك
وەزارەتی ئەوقاف كار بۆ دابەزینی نرخی عومرە دەكات كە لە ئێستادا 900 بۆ 1000 دۆلارە.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، نرخی عومرە لە ئێستادا 900 بۆ 1000 دۆلارە، بەگوێرەی ئەو خزمەتەی كۆمپانیاكان پیشكەشی دەكەن و هۆتێلی نزیك دابین دەكەن.

 

وتیشی، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی كوردستان پلانێكی گونجاوی لەبەردەستە بۆ ئەوەی نرخی عومرە بەشێوەیەك بێت لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بێت.

 

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، پێشتر نرخی عومرە هەزار و 400 بۆ هەزار و 500 دۆلار بوو، بەڵام لە ئێستادا نرخەكان دابەزیون و كار بۆ دابەزینی زیاتریشی دەكەین بە لەبەرچاو گرتنی دۆخی دارایی هاووڵاتییان.

 

وتیشی، هۆكاری بەرزی نرخی عومرە، بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی سعودیە، چونكە ڕێكارەكانی خۆپارێزی گرانتر بووە، هاتوچۆ سەختتر بووە، پێشتر پێنج كەس لە ژورێكدا دەبوون ئێستا دوو كەسە، پێشتر پاسێك 50 كەسی تێدا دەبوو ئێستا تەنها 25 كەسە.

 

سەبارەت بە ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە وڵاتی سعودیە، نەبەز ئیسماعیل دەڵێت، وڵاتی سعودیە ڤاكسینی سینی قبوڵ ناكات، بەڵكو دەبێت جۆرەكانی دیكەی ڤاكسین بێت و دەبێت هاوولاتی هەردوو ژەمەكەشی وەرگرتبێت و كارتی ڤاكسینی پێبێت، پشكنینی كۆرۆناشی پێبێت پشتڕاستی بكاتەوە كە تووشی كۆرۆنا نەبووە.





هەلبژاردە

گرنگترینەکان