سەردێر

وەزارەتی داد: گرێبەستی ئەلیكترۆنی ئۆتۆمبێل نایاساییە

خەڵك
وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێم لە نوسراوێكیدا كە ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆی رایگەیاندوە، گرێبەستی ئەلیكترۆنی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل پێچەوانەی یاسایە.

ئەمڕۆ یەكشەممە، وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێم بەنوسراوێكی فەرمی بە ژمارە ٢٠/١٩٠ لەبارەی گرێبەستی ئەلیكترۆنییەوە وەڵامی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی داوەتەوە و تیایدا رایگەیاندوە، كە گرێبەستی ئەلیكترۆنی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل پێچەوانەی بەشی “٥”ی بڕگەی (١)ی یاسای هاتوچۆ ژمارە (٨٦)ی ساڵی ٢٠٠٤ی هەمواركراوە.

 

وەزارەتەكە دەشڵێت، بەگوێرەی گرێبەستی ئەلیكترۆنی هیچ ڕۆڵێك بۆ بریكارنامە ناهێڵێت و ئەمەش پێچەوانەی دەقی مادەی (٤٦)ە لە یاسای دادنوسی ژمارە (٣٣)ی ساڵی ١٩٩٨ی هەمواركراو.

 

ئاماژە بە ئەوەش دەكات، بڕیاری گرێبەستی ئەلیكترۆنی دژی یاسای شارستانی عێراقی ژمارە ٣٠ی ساڵی ١٩٥١ی هەمواركراوە، كە هەركەسێك مافی پێدانی بریكارنامەی هەیە بە یەكێكی تر كەكارەكانی یاسایی پێ بكات.

 

وەزارەتی داد داواشی لە وەزارەتی ناوخۆ كردووە بە پێی یاسا پێداچوونەوە بە رێنمایی گرێبەستی ئەلیكترۆنی بكەن.

لەماوەی رابردوودا وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریدا كە بۆ كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەبێت گرێبەستی ئەلیكترۆنی بكەن كە بۆ هەر گرێبەستێك بڕی ١٠٠ دۆلار وەردەگیرێت.