سەردێر

نرخی ڕۆن و برنج بەرزبووەوە

 

 

سلێمانی – نزار جەزا

 

بەپێی بەدواداچوونەکانی (خەڵک) نرخی ڕۆن و برنج لەبازاڕەکانی هەرێمی کورستان بەرزبووەتەوە.

 

لەگەڵ چەند فرۆشیارێک گفتوگۆمان ئەنجامدا، جەختیانکردەوە، جۆرێک لەڕۆن دوو هەزار دنیاری چووەتەسەر، واتە سەتڵێک ڕۆنی ٤ کیلۆیی لە١٤ هەزار دینارەوە بووەتە ١٦ هەزار دینار.

 

باسیان لەئەوەشکرد، برنجیش بەهەمانشێوە نرخی بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک زۆرینەى کیسە برنجە ١٠ کیلۆییەکان نرخیان لەسەروو ١٠ هەزار دینار و ٥٠٠ دینارەوەیە.

 

ئەو فرۆشیارانە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکان دەگەڕێننەوە بۆ زۆری گومرگ، هەروەها بەرزبوونەوەی نرخ لەجیهاندا.

 

فرۆشیارێکی جوملە بۆ (خەڵک)ی ڕوونکردەوە، بەراورد بەشەش مانگی ڕابردوو هەر تۆنێک برنج نزیکی ٢٠٠ دۆلاری چووەتەسەر، تۆنێک ڕۆنیش نزیکی ٢٥٠ دۆلاری چووەتەسەر، ئەمانە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئەو بەرهەمانە کاتێک دەگاتە دەستی هاوڵاتی.

ئەو باسی لەئەوەکرد، چاوەڕێدەکرێت نرخەکان زیاتریش بەرزببنەوە، چونکە لەجیهاندا کەرەستەی خاو کەمیکردووە و لەسنوورەکانی کوردستانیش گومرگ زیادیکردووە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە لەماوەی ساڵی ڕابردوودا کاتێک بەهای دۆلار بەرزکرایەوە، گۆڕانکاری لەنرخی شتومەک لەنێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕوویاندا، دواتریش گۆڕانکاری لەگومرگ کرا و نرخەکانی ئەوێش بەرزکرانەوە، بۆیە جارێکی دیکە نرخی شتمەک بەرزبووەوە، ئێستاش جارێکی دیکە بەرزبوونەوەی نرخەکان لەنێو بازاڕەکان بەدیدەکرێت.