سەردێر

پسپۆڕێكی ئابوری باسی كەمكردنەوەی نرخی دۆلار دەكات بۆ 120 هەزار دینار

پێیوایە سودی بەرزكردنەوەی نرخی دراوەكە كەم بووە

خەڵك-
زەرغام محەمەد پسپۆڕی ئابوری عیراقی وەڵامی هۆشدارییەكانی بانكی ناوەندی دەداتەوە سەبارەت بە كاریگەرییە نەرێنییەكانی گێڕانەوەی نرخی خەرجی دۆلار بۆ 1200 دینار.

محەمەد لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”كاریگەرییە نەرێنییەكان لە سیاسەتەكانی بانكی ناوەندییەوە سەرچاوە دەگرن، كاتێك فرۆشتنی دۆلار تەنیا لە چوارچیوەی چەند بانكێكدا كۆدەكاتەوە، بەبێ‌ ئەوەی بواری فرۆشتنی ڕاستەوخۆ بە هاووڵاتیان بكاتەوە، لەگەڵ سیاسەتەكانی بەقاچاخبردنی دراو و نەبوونی بازاڕێكی یەكگرتوو بۆ دۆلار”.

بە وتەی ئەو پسپۆڕە:”قسەكانی بانكی ناوەندی لۆجیكی و شیاو نیین، بەو پێیەی هەموو ئەو دەستكەوتانەی لە بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار دەستەبەركراون كەمن، لەبەرانبەردا دابەزاندنی نرخی دینار بۆتە مایەی هەڵاوسانێكی گەورە لە بازاڕەكانی ناوخۆدا”.

زەرغام محەمەد دەڵێت:”بانكی ناوەندی باس لەوە دەكات كە بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بۆتە مایەی دروستكردنی كێبڕكێ‌ بۆ كاڵاكانی ناوخۆ، بەڵام ئەمە ڕاست نییە، بەو پێیەی نرخەكەنیان زۆر زیاتر لە كاڵا هاوردەكراوەكان بەرزبۆتەوە”.

ئەو پسپۆڕە ئابورییە پێیوایە:”هەڵاوسان كاڵاكانی ناوخۆشی گرتۆتەوە، بەو هۆیەی زۆربەیان لە ماددە هاوردەكراوەكان دروستدەكرێن و كەوتوونەتە ژێر كاریگەریی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە”.

بە بۆچوونی زەرغام محەمەد”هەموو ئەو بیانوانەی بانكی ناوەندی دەیانهێنێتەوە، بیانووی ناڕاستن و زیان بە ناوبانگی بانكی ناوەندی دەگەیەنن كە درۆیەكی هەڵبەستراون و بەسەر شارەزایان و پسپۆڕەكاندا تێناپەڕن، چونكە لە دوای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، هەلی كار نەڕەخساوە و زیادەی پارەكەشی نەخراوەتە خزمەتی پرۆژەكانی گەشەپێدان، بەڵكو پلانێكی ناسەركەوتوو بووە و تەنانەت ئەوەی پشتیوانیشیان لێكرد لە پەرلەمانتارانی پێشوو و بازرگانان، ئێستا خۆیانی لێدەدزنەوە و بەرپرسیارێتییەكەی دەخەنە ئەستۆی بانكی ناوەندی و وەزیری دارایی”.

لە ڕوانگەی ئەو پسپۆڕە ئابورییەوە”گێڕانەوەی نرخی دۆلار بۆ نرخی پێشووی، هێندەی بەرزكردنەوەی نرخەكەی و دابەزاندنی بەهای دینار، كاریگەریی نابێت”.