سەردێر

لەبارەی جوڵەكانی داعشەوە هۆشداریی دەدرێتە حكومەتی هەرێم

"دەبێت رێگانەدرێت ناجێگیریی سیاسی و ئابووری دروست بكات"

خەڵك
ماوەیەكە جموجۆڵەكانی داعش لەنێوخۆی هەرێم و لە ناوچە كێشەلەسەرەكانیش سەریهەڵداوەتەوە.

لە ماوەی نزیكەی دوو هەفتەی رابردوودا نزیكەی 30 هاووڵاتی و پێشمەرگە لە هێرشەكانی تیرۆرستانی داعشدا شەهید بوون.

هاوكات بەپێی راگەیەنراوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە گرووپێك لایەنگری داعش دەستگیركراون كە هەوڵیان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان داوە.

شارەزایەكی ئابووری سەبارەت بە لێكەوتەكانی شەڕی داعش دەڵێت، پێویستە بە سەكردایەتیكردنێكی نیشتیمانیی ڕێ نەدرێت بۆشاییە سەربازییەكان ناجێگیری زیاتری سیاسیی و دواتریش ئابووری دروست بكەن، چونكە كاریگەرییان دەبێت لەسەر جوڵەی ئابووری.

د. كاروان حەمەساڵح، چاودێری سیاسی و شارەزای ئابووری بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هێرشەكانی ئەم دواییەی داعش كە بە داخەوە بووە هۆی شەهید بوونی چەند پێشەرگەیەك و هاووڵاتی مەدەنی، بە دڵنیاییەوە دوودڵی لای هاووڵاتیان دروستكردووە و دواتر بڕێك لە ناجێگیریی سیاسیی و ئەمنی دروستدەكات، خۆشبەختانە لە ئێستدا بەرپەرچدراونەتەوە، بەڵام ئەوەی كە گرنگە ئەوەیە كە ڕێگە نەدرێت ناسەقامگیری ئابووری دروستبكرێت.

ئەو چاودێرە ئاماژە بە ئەوەشدەكات، پێویستە بە سەكردایەتیكردنێكی نیشتیمانیی ڕێ نەدرێت ئەم بۆشاییە سەربازیانە ناجێگیری زیاتری سیاسیی و دواتریش ئابووری دروست بكەن، چوونكە كاریگەریی دەبێت لەسەر كار و جوڵەی ئابووری و دارایی.

دەشڵێت، ئەمەش بە هۆی ئەوەی جێگیری سیاسیی و ئابووری و ئەمنی وابەستەی یەكن بە تایبەت لە جوگرافیایەكی وەك هەرێم و عیراق.