سەردێر

فشارێكی زۆر لەسەر فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی هەیە

سلێمانی – نزار جەزا

بڕیارە لە هەفتەی ئایندەدا پێنجهەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی بەڕێوەبچێت، كە تاكو ئێستا بودجەی فێستیڤاڵی پێشوو لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە خەرجنەكراوە.

مەلا بەختیار سەرۆكی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی لەوەڵامی پرسیارێكی (خەڵك)دا لەبارەی هۆكاری جیاوازیكردنی حكومەتی هەرێم لەگەڵ فێستیڤاڵەكان، كە تاكو ئێستا بودجەی پێویستی بۆ چوارهەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی خەرجنەكردووە، بەڵام لەشاری دیكە فێستیڤاڵی دیكەی فیلم ئەنجامدەدات ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێم لێكتێگەیشتنێكی باشیان لەگەڵ فێستیڤاڵەكە هەیە و بەخۆشحاڵییەوە بەڵێنیان داوە بودجەی پێنجهەمین فێستیڤاڵەكە خەرجبكەن و سوپاسیان دەكەن.

ئەوەشی وت: بودجەی فێستیڤاڵی پێشوو گەیشتە پارێزگای سلێمانی، پارێزگاری سلێمانی بەئاسانی دەیتوانی خەرجی بكات، بەڵام لەوەزارەتەوە هەندێك كێشەی بۆ دروستبوو، بۆیە بودجەكە ڕاگیرا.

باسی لەئەوەشكرد، پاساوی حكومەت ئەوەیە، كە گوایە بڕیاریانداوە فێستیڤاڵی سینەما تەنها لەدهۆك بكرێت، نازانم چی چالاكییەكیان بۆ سلێمانی داناوە، بەڵام ئەم پاساوە گفتوگۆ زۆر هەڵدەگرێت، كە ئایا دەبێت فێستیڤاڵ تەنها لەدهۆك بكرێت یان لەشوێنەكانی دیكەش بكرێت؟

زیاتر ڕوونیكردەوە، بەهەر پاساوێكبێت ناكرێت سلێمانی لەچالاكی سینەما و شانۆ و گۆرانی و ئەدەبی بێبەشبكرێت.

وتیشی: كە دەڵێیت هۆكاری جیاوازییەكان چین؟ دەبێت لەو پسپۆڕانە بپرسین، كە ئەم پۆلێنەیان داناوە، ئایا چ پارێزگایەك چی چالاكییەكی لێ دەكرێت؟!

وتیشی: من نامەوێت ڕەخنە بگرم، بەڵام ئێمە لەسلێمانی بۆمان هەیە بەرگرییەكی زۆر لەسازدانی فێستیڤاڵی سینەما بكەین.

ناوبراو وتیشی: ئەم فێستیڤاڵە بەراورد بەفێستیڤاڵەكانی دیكە زۆرترین فشاری لەسەربوو، كە ئەمساڵ سازنەكرێت، بەڵام سووربوونی ئەو كەسانەی كە كۆڵەكەی سەرەكی فێستیڤاڵەكەن نەیانهێشت ڕێگری لێبكرێت و منیش پاڵپشتیانبووم.