سەردێر

هەرێم بڕیاری نوێ‌ دەربارەی گەشتكردن بۆ ئێران دەردەكات

خەڵك-
بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران ڕایدەگەیەنێت، ڕێکارەکانی ھاتووچۆی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران توند کراون و پێویستە ئەوەی ھاتووچۆی ئێران بکات، کۆمەڵێک ڕێکار بگرێتە بەر.

عەبدوڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕایگەیاندووە، ‘ئەو کەسەی بیەوێت بۆ ھەر مەبەستێک لە ڕێی وشكانییەوە سەردانی وڵاتی ئێران بکات، پێویستە ڤیزەی لێدابێت و ھەردوو ژەمی ڤاکسینیشی لێدابێت و تێستی کۆرۆناشی کردبێت، ئەوکات ڕێگەی پێ دەدرێت سەردانی ئەو وڵاتە بکات، ئەگەرنا ڕێگەی پێ نادرێت.

وتیشی، “ئەگەر لە ڕێگەی ئاسمانییەوە سەردان بكەن، تەنھا ڤیزەی پێویست نییە، ئەگەرنا پێویستە سەرجەم ڕێکارەکانی دیکە بگرنەبەر و ھەرێمی کوردستان ھەمان ڕێکار دەگرێتە بەر بۆ ھاتنی ھەر کەسێک لە ئێرانەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەڵام بۆ ھەندێک حاڵەت ڕێگەپێدراوە سەردان بکرێت، ئەویش ئەگەر نەخۆشی کوشندە، یاخود درێژخایەنی ھەبێت و نەتوانێت ڤاکسین لێبدات، ئێمە نووسراوی بۆ دەکەین و ڕێگەی پێ دەدرێت سەردانی وڵاتی ئێران بکات.