سەردێر

لەسەر خاوی دابەشكردنی نەوت داوای ڕوونكردنەوە لە حكومەت دەكرێت

خەڵك-

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە دابەشكردنی نەوتی سپی بە 55 هەزار دینار دەستی پێكردووە، بەڵام تا ئێستا بەشێكی ناوچە شاخاوییەكان دابەشكراوە و لەناو شارەكان هێشتا نەوت دابەش نەكراوە، تەنها لە سلێمانی نەوت دراوە بە هاووڵاتیانی مەڵبەندێك و بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) ڕۆژانە بڕێكی زۆر كەم نەوت دێت و هەندێك كات دەوەستێت.

گولیزار ڕەشید سندی، جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەڕلەمانی كوردستان ڕایگەیاندووە، بڕیارە ڕۆژی دوو شەممە لەسەر پرسی نەوتی سپی و هۆكار سستی لەدابەشكردنی و ڕێگری و ئاستەنگ لەبەردەم دابەشكردنی كۆبوونەوەی لێژنەی سامانی سروشتی لەپەڕلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت.

ڕاشیگەیاند، ئەوەی گرنگە لەكات و ساتی خۆی نەوت بەسەر خەڵك دابەش بكرێت و بەغدا ناچار بكرێت بەوەی بەشە نەوتی كوردستان زووتر ڕەوانە بكات، پیشووتریش لەو بارەوە هۆشداریمان داوە و ڕاپۆرتی خۆم لەسەر پێداویستی نەوتی سپی و چۆنیەتی دابەشكردنی خستۆتەڕوو.

گولیزار ڕەشید سندی لە لێدوانێكیشی بۆ (خەڵك) وتی، “ئەو نەوتەی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت، حكومەتی هەرێم لە حكومەتی عێراقی كڕیوە و تا ئێستا لە ناوچە شاخاوییەكان نەوت دابەش دەكرێت و وەك پێویست نەگەیشتۆتە ناو شارەكان”.

جەختیشی كردەوە، پێویستە هەرێم لەگەڵ عێراق بگاتە لێكتێگەیشتنێك تاوەكو هەرێم لە سووتەمەنی بێبەش نەكرێت و وەزیری سامانە سروشتییەكان دڵنیایی ئەوەی پێداوین، كە هەموو هاووڵاتیان نەوت وەردەگرن.