سەردێر

نرخی كارەبای موەلیدە دیاریكرا

خەڵك
نرخی یەك كاتژمێر كارەبای موەلیدە لە مانگی رابردودا له ‌نێوان دە هەزار بۆ یانزە هەزار و (500) دینار دەبێت، هاوكات خشتەی پێدانی كارەبای موەلیدە گۆڕانی بەسەردادێت كەلە كاتژمێر یەكی شەو بۆ حەوتی بەیانی كار بەموەلیدەكانیان ناكەن و كارەبا دابین ناكەن.

قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە‌ (2021.12.5) لیژنەی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئەھلییەكانی سلێمانی نرخی كارەبای موەلیدە ئەهلییەكانی بۆ مانگی (11.2021) ‌لەسەر بنەمای‌ نرخی سوتەمەنی لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، نرخی كاتژمێرەكانی كاركردنی موەلیدەكان دیاریكرد.

بەپێی كۆنوسی كۆبونەوەی لیژنەكە‌، كاركردن و تەرخانكردنی كارەبا لەلایەن موەلیدە ئەهلییەكانەوە بۆ هاوڵاتیان لە مانگی رابردودا لەنێوان (215) بۆ (250) سەعاتدا بوە و هەر سەعاتێك بە (46) چل و شەش دینار دیاریكراوە،‌ بەمەش نرخی یەك ئەمپێڕ كارەبای موەلیدەی ئەهلی لە ناوشاری سلێمانی بۆ ئەو مانگە لە نێوان دە هەزار بۆ یانزە هەزار و (500) دینار دەبێت.

ئاماژە بە ئەوەشكراوە، بەهۆی جیاوازی كارپێكردنی موەلیدەكان‌ لەگەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكە، نرخی ئەمپێڕێك كارەبای موەلیدەی گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكە جیاواز دەبێت، لە كۆنوسی كۆبونەوەكە جەختكراوەتەوە، ئەو موەلیدانەی كە دو فیدەرن له ‌كاتی بڕانی یەكێك لە دو فیدەركە نابێت موەلیدەكانیان كاربكات كە دەبێتە هۆی دروستبونی كێشە.

هاوكات، سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی كارەبای سلێمانی رایگەیاند: خشتەی كارپێكردنی موەلیدە ئەهلییەكان و دابینكردنی كارەبا بۆ هاوڵاتان لە مانگی (2021.12) بەجۆرێكە كە لەنێوان‌ كاتژمێر (7) بەیانی تا یەكی شەو هەركاتێك كارەبای نیشتیمانی كوژایەوە پێویستە موەلیدەكان كارەبا دابین بكەن بۆ هاووڵاتیان.