سەردێر

خەڵك؛ زانیاری لەسەر دابەشكردنی مووچە بڵاودەكاتەوە

خەڵك-
دابەشكردنی مووچەی مانگی 11 زۆر بەخاوی بەڕێوەدەچێت و بە دوو ڕۆژ یەك وەزارەت مووچە وەردەگرێت و سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی دەڵێت: “چاوەڕێی هاتنی پارەكەی بەغدا دەكەن”.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەمڕۆ شەممە مووچە دابەش ناكرێت و سبەینێ‌ یەك شەممە پێدانی مووچە بە وەزارەتی پەروەردە بەردەوام دەبێت، چونكە هەندێك لە پەروەردەكان ڕۆژی پێنج شەممە مووچەیان وەرنەگرتووە.

ڕاشیگەیاند، ڕۆژی دوو شەممە، مووچەی ئەنجوومەنی ئاسایش دابەش دەكرێت و ئەگەر پارەكەی بەغداش بگات ئەوا دابەشكردنی مووچە خێراتر دەكرێت و خشتەی تەواوی مووچە ڕادەگەیەنرێت.

حكومەتی هەرێم، كە ڕایگەیاندووە، ڕۆژانە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆرشێت، داهاتی فرۆشتنی مانگێكی نەوتی لە كۆی مووچەی فەرمانبەران زیاترە، بەڵام “تەنها 350 ملیۆن دۆلاری دەداتەوە بە وەزارەتی دارایی بۆ مووچە” و داهاتی ناوخۆش وەك بەرپرسانی یەكێتی و پارتی یەكتری پێ‌ تۆمەتبار دەكەن “بەشێكی زۆری دیارنامێنێت و ناگەڕێنرێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی”، بۆیە تا پارەكەی بەغدا نەگاتە هەرێم زۆربەی فەرمانبەران و خانەنشینان دەبێت چاوەڕێی مووچە بكەن.