سەردێر

كێڵگە پەلەوەرییەكان 40 ملیار دینار زیانیان بەركەوتووە

 

سلێمانی ـ نزار جەزا

كێڵگە پەلەوەرییەكان لەهەرێمی كوردستان 40 ملیار دینار زیانیان بەركەوتووە.

نازم عەبدوڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا تاكو كۆتایی ئەم مانگە ٤٠ ملیار دینار زیان بەر تەواوی خاوەن پرۆژەكانی كێڵگەی پەلەوەری لەهەرێمی كوردستان كەوتووە.

باسی لەئەوەشكرد، بەهۆی گرانی پێویستییەكانەوە بەشێك لەخاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان بەنیازن واز لەكارەكەیان بهێنن و هۆڵەكانیان بفرۆشن، تەنانەت لەئێستادا لە ٪ ٥٥ ی هۆڵەكانی گەورەكرنی مریشك بەهۆی نەخۆشی و گرانبونی پێداویستییەكانەوە هۆڵەكانیان پڕنەكردووەتەوە.

ناوبراو لەبارەی هۆكاری ئەو زیانەی بەر كێڵگە پەلەوەرییەكان كەوتووە وتی: عەلەف چوار مانگ پێش ئێستا لە ٤٤٠ دۆلارەوە بەرزبووەتەوە بۆ ٥٨٠ دۆلار، هەروەها نرخی هەر جوتێك جوجك لە ٣٥ سەنتەوە بەرزبووەتەوە بۆ ٧٥ سەنت، لەلایەكی دیكەوە نرخی لیترێك گاز لە ٣٥٠ دینارەوە بەرزبووەتەوە بۆ ٨٠٠ دینار، نرخی یەك تۆن غاز لە ٤٠٠ هەزار دینارەوە بەرزووەتەوە بۆ ٩٥٠ هەزار دینار.

زیاتر ڕوونیكردەوە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئابی و نیوكاسڵ و گەمبۆرۆ لەنێو مریشكی كێڵگەكاندا هۆكارێكی دیكەی زیانی خاوەن كێڵگەكان بووە.

ئەوان داواكارن حكومەتی هەرێم پاڵپشتیان بێت بۆئەوەی بتوانن لەكاری خۆیان بەردەوامبن و نرخیش لەبازاڕەكاندا جێگیربێت.