سەردێر

حكومەتی هەرێم لەبارەی دابەشكردنی مووچە روونكردنەوەی دا

خەڵك

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، داهاتی نێوخۆی هەرێمی كوردستان بەپێی پێویست ناگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی، ئەوەش هۆكاری خاو و سست دابەشكردنی مووچەیە.

جوتیار عادل لە لێدوانێكدا دەڵێت: داهاتی نێوخۆی هەرێمی كوردستان بەپێی پێویست ناگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی، ئەوەش هۆكاری خاو و سست دابەشكردنی مووچەیە، بۆیە ناتوانن لە ماوەی هەفتەیەكدا مووچە دابەش بكەن بە تەواوی.

راشیگەیاند میكانیزمێك بۆ كۆكردنەوەی داهاتی ناوخۆ وەك داهاتی كارەبا، ئاوو ڕسوماتەكان نییە، مانگانە بەپێی كۆكردنەوەی ئەو داهاتانەی لەبەردەستە مووچە دابەشدەكرێت‌و ئێستاش لەهەوڵدان بۆئەوەی ئەو داهاتانە لەسەرجەم پارێزگاكان وەك یەك كۆبكرێتەوە.

پێشتر پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندبوو كە سلێمانی وەك پێویست و بڕی تەواو داهاتی نێوخۆ ناگەڕێنێتەوە.

بەپێی زانیاری پەرلەمانتاران و شارەزایانی ئابووری بێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی هێندە زیادیكردووە، لە مووچەی فەرمانبەران زیادە دەبێت، بەڵام هێشتا مووچە بەشێوەیەكی رێكوپێك دابەش ناكرێت، حكومەتی هەرێمیش كێشەكە بۆ نەگەڕانەوەی داهاتی نێوخۆ یان سلێمانی دەگەڕێنێتەوە.