سەردێر

شۆفێران: لە سلێمانی بەنزین زۆر گرانە جۆرەكەشی زۆر خراپە

سلێمانی – نزار جەزا

بەشێك لەشۆفێران لەجۆری بەنزین نیگەرانن، چونكە وەك خۆیان دەڵێن: “دیلكۆی ئۆتۆمبێلەكە لێدەدات و متی دەكات”.

ماوەی هەفتەیەكە بەنزین زۆر خراپ بووە، بەجۆرێك ئۆتۆمبێل مت دەكات و كاتێك بەهەورازێكدا لێدەخوڕن ئۆتۆمبێل هێزی ڕۆشتنی كەمە، زۆرجاریش گوێیان لەدەنگی دیلكۆ دەبێت.

یەكێك لەجوملەفرۆشەكانی بەنزین لەشاری سلێمانی جەختیكردەوە، جۆری بەنزین وەك خۆیەتی و گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، مەگەر خاوەن بەنزینخانەیەك خۆی داوای بەنزینێك بكات كە ئاست و جۆری نزمتربێت، بۆئەوەی بەهەرزانتر بیفرۆشێت.

ئاستی بەنزین پەیوەستە بەئۆكتانی بەنزینەكەوە، ئێستاش بەپێی ڕێنماییەكان دەبێت بەنزینی نۆڕماڵ ئۆكتانەكەی لە ٨٩ بۆ ٩٢ بێت، دەبێت بەنزینی موحەسەن ئۆكتانەكەی ٩٢ بۆ ٩٦ بێت، دەبێت بەنزینی سوپەر ئۆكتانەكەی ٩٦ بۆ ٩٩ بێت.

بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی لیژنەی تایبەتی بەپشكنینی بەنزین لەنێو بەنزینخانە و گۆڕەپان و تەنكەرەكان هەیە، كە هەفتانە دەرچوونیان هەیە و پشكنین بۆ بەنزین دەكەن.

بەپێی ئامارەكانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، لەكۆی ٤٥ بەنزینخانە كە لەماوەی مانگی یانزەدا پشكنینیان تێدا ئەنجامداوە، دەركەوتووە لە حەوت بەنزینخانە بەنزینی خراپ فرۆشراوە، بۆیە بەپێی ڕێنماییەكان مامەڵەی پێویستیان لەگەڵ ئەنجامدراوە.

ئەمە لەكاتێكدایە نرخی بەنزین لەهەرێمی كوردستان لەدەوروبەری هەزار دیناردایە و شۆفێڕان پێشتر لەبەرزی نرخەكەی نیگەرانبوون، بەڵام ئێستا لەخراپییەكەشی نیگەرانن.