سەردێر

حكومەت هەر داهاتەكەی زیاد دەكات، خزمەتگوزاریش هەر دادەكشێت

لە ماوەی 7 ساڵی رابردوو حكومەت لە هەر چوارلاوە داهاتی زیادكردووە و هیچی دیارنییە

خەڵك-بەشی هەواڵ

چاودێرێكی سیاسی دەڵێت لە ماوەی زیاتر لە شەش ساڵی ڕابردوو بەردەوام لە ھەوڵی كەمكردنەوەی خەرجی و زیاد كردنی داھاتە، كەچی لە بەرامبەریدا خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكانی وەك پەروەردە و تەندروستی بەردەوام لە داكشانە.

عەبدولقادر هەركی، چاودێری سیاسی لەبارەی هاوكاری نەكردنی كەرتەكانی وەك خوێندن و سووتەمەنی لەلایەن حكومەت سەڕەڕای بەرزبوونەوەی داهات بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، دەمێكە ھەرێم كێشەی دەسكەوتنی داھاتی نییە، ئەم ڕاستییە كردەوەیەكی ژمارەییە، ئەگەرچی ئابووری ھەرێم لە ڕووی تاك كاڵا بوونی ئابوورییەكی مەترسیدارە، بەڵام داھاتی نەوت لە ماوەی ساڵی ڕابردوو تا ئێستا بڕێكی زۆری نرخە لە دەستداوەكەی بەدەست ھێناوەتەوە.

دەشڵێت، دوای ھاتنی داعش و ھاتنە خوارەوەی ئەو كاتی نرخی نەوت حكوومەتی ھەرێم لە ماوەی زیاتر لە شەش ساڵی ڕابردوو بەردەوام لە ھەوڵی كەمكردنەوەی خەرجی و زیاد كردنی داھاتە، كەچی لە بەرامبەریدا خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكانی وەك پەروەردە و تەندروستی بەردەوام لە داكشانە.

ڕوونیشیدەكاتەوە،حكوومەتی ھەرێم لە دوای ٢٠١٤ ڕێكەوتنی نھێنی لە گەل زلھێزی ھەرێمی وەك توركیا ھەیە و بەم نرخەی نەوتیش ناتوانێت لە پابەندییەكانی دەربازی بێت، یاخوود حكومەت و ڕاوێژكارە ناكارامەكانی ئەم ھەنگاوەش بە بەشێك لە پلانەكەی كەم كردنەوەی خەرجی دابنێن كە ئەمە كارەساتە، و لە ھەردوو حاڵەتەكەدا زیانێكی گەورە بە ژێرخانی پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی و تادوایی دەگەیەنێت و بەدیھێنانی ئارامی و سەقامگیری لە وڵات قورستر دەكات .