سەردێر

دابەشکردنی بەنزینە هەرزانەکەی عێراق لەناوشاری سلێمانی ڕاگیرا

سلێمانی – نزار جەزا

 

ئەمڕۆ یەک شەممە هیچ بەنزینخانەیەکی ناو شاری سلێمانی بەنزینە هەرزانەکەی لێ دابەشناکرێت.

 

بەپێی زانیارییەکانی (خەڵک)، ئەمڕۆ لەناو شاری سلێمانی هیچ بەنزینخانەیەک بەنزینە ٦٩٠ دینارییەکەی حکومەتى عێراقی لێ دابەشناکرێت.

 

بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ڕایگەیاند، بۆ ئەمڕۆ یەک شەممە بەنزینی عێراقی لەدەرەوەی شاری سلێمانی لەبەنزینخانەکانی (بەنزینخانەى مەریوان لە پێنجوێن، بەنزینخانەی پشدەر لە قەڵادزێ، بەنزینخانەى دووکان لەدووکان، بەنزینخانەى خانزادی میر لە چەمچەماڵ) دابەشدەکرێت.

 

هەر بەپێی زانیارییەکان، بەنزینە عێراقییەکە ڕۆژانە بەبڕی جیاواز دەگاتە پارێزگای سلێمانی، بەجۆرێک ڕۆژ هەیە چوار تەنکەری سێ هەزار و ٦٠٠ لیتری دەگاتە سلێمانی، ڕۆژ هەیە پێنج تەنکەر یان ١٢ تەنکەر.

 

ئەمە لەکاتێکدایە لیترێک بەنزین لەبەنزینخانەکان بەنزیکی هەزار دینارە و ئەم بڕە پارەیەش لای هاوڵاتییان زۆرە و لەماوەکانی ڕابردوودا چەندجارێک خۆپیشاندان بۆ دابەزاندنی نرخەکەی کرا، بەڵام کاریگەری نەبوو.