سەردێر

“ئەگەر پڕۆسەی نەوت شەفاف نەبێت بەرزبوونەوەی نرخەكەی نائارامیی دەخوڵقێنێت”

خەڵك-

لێکۆڵەر و چاودێرێکی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی نرخی نەوت هاووڵاتی سوودی لێوەرناگرێت ئەگەر بەشێوەی ناشەفاف مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.

بەهۆی پلانی نوێی بایدن و ڕێككەوتنی لەگەڵ چەند وڵاتێكی بەرهەمهێنەری نەوت و هاوكات سەرهەڵدان جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا نرخی نەوت بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو دابەزی.

كاروان حەمە ساڵح، لێکۆڵەر و چاودێری سیاسی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، نەوت لەگەڵ ئەوەی لە ڕووكەشدا پرسێكی دارایی و ئابوورییە، لە ناوەڕۆكدا پرسێكی سیاسییە، لە ڕابردووشدا هەر بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ كراوە.

وتیشی، “ئەمڕۆ نرخی نەوت بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو دابەزی، لەكاتَێكدا بەرپرسێكی عێراق دوێنێ ڕایگەیاند، نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە، بەڵام بەپێچەوانەكەی دەرچوو”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، نەوت پرسێكە، كە پێشبینی كردنی نرخەكەی پڕۆسەیەكی ئاسان نییە، وڵاتێكی وەكو ئەمریكا بۆیە قسەی تێدا دەكات، چونكە یەكێكە لە هەرە بەكارهێنەرە بەهێزەكانی نەوت لە جیهاندا، بەهۆی زۆری ژمارەی دانیشتوان و پێشكەوتوویی كەرتی پیشەسازییەكەیەوە، كە پێویستی بە وزەیە، بەڵام توانی نەوتی خۆی بدۆزێتەوە و ڕێگایەكیش بدۆزێتەوە بۆ دەرهێنانی بەشێوەیەك كە تێچووەكەی كەم ببێتەوە، ئێستاش بۆیە زۆر پشت لە نەوتی ڕۆژهەڵات ناكەن، چونكە هێَشتا نەوت ماوە و دەیانەوێت سوودی لێوەربگرن لە ڕێگەی بازرگانی و دواتر كۆمەڵێك مامەڵەی سیاسی پێوە بكەن.

ڕوونیشیكردەوە، ئەمریكا و چین یەكێكن لە بەكارهێنەرە بەهێزەكانی نەوت، كاتێك دەبینی ئەمریكا و چین كێبڕكێی زۆر لەنێوانیان هەیە، دەردەكەوێت قسەكردن لەسەر نەوت ڕەهەندێكی سیاسی وەردەگرێت، ڕوسیا سەر بە جەمسەرێكە و نەوت بەرهەمدەهێنێت و سعودیەش سەر بە جەمسەرێكی ترە و نەوت بەرهەم دەهێنێت، هەموو ئەمانە ڕۆڵی گرنگ دەبینێت لەسەر پەیوەندییەكان.

جەختی لەوەش كردەوە، نزمبوونەوەی نەوت پەیوەندی بە كۆرۆنا نوێیەكەوە هەیە و ئەمڕۆش نرخی نەوت دابەزی، پێشتریش كۆرۆنا وایكرد نرخی نەوت دابەزێت و پیشەسازییەكان لەوانەیە خاوبوونەوە ڕووبدات، ئەگەر ئەم كۆرۆنایەش بەردەوام بێت بەدڵنیاییەوە كاریگەری لەسەر بازاڕ و ووزە دەبێت لە جیهاندا.

سەبارەت بە كاریگەری دابەزینی نرخی نەوت لەسەر عێراق و هەرێم ناوبراو ڕایگەیاند، قاعیدەیەكی بەڕێوەبردنی جهانییە لە هەر وڵاتێك سامانێكی سروشتی بە باشی بەكارنەهێنرێت، نزمبوونەوەی نرخەكەی زیانەكەی هاووڵاتی دەیكات، بەرزبوونەوەكەشی مافیاگەری و كوشتار دروست دەكات، بەشێوەیەك بەرزبوونەوەكەی ئەگەر بەشێوازێكی دامەزراوەیی بەڕێوەنەچێت بەرزبوونەوەكەی خێر و خۆشی ناهێنێت ‌و زۆرجار نائارامی دەهێنێت.

ئاشكراشیكرد، نرخی نەوت بە 27 دۆلار بوو مووچە كەم بوو، نرخی نەوتیش بەرز بووەوە، بەڵام بەداخەوە دەرگای قاچاخچێتی و ناشەفافیەت وایكرد هاووڵاتی سوود لەو سەرچاوانە وەرنەگرێت.