سەردێر

بێباكی حكومەت لەدابەشكردنی نەوت نرخەكەی لە بازاڕدا بەرزكردەوە

سلێمانی – نزار جەزا
حكومەتی هەرێم لەدابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا ساردبۆتەوە، بەجۆرێك ماوەی سێ هەفتەیە دابەشكردنی نەوتی سپی لەسنووری پارێزگای سلێمانی ڕاگیراوە.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم بەچەند ڕۆژ جارێك دوو یان سێ یان چوار تەنكەر نەوتی سپی دەنێرێت بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە.

هەر بەپێی زانیاریەكان، بەو بڕە نەوتەی دێتە سلێمانی زۆر كەمە، بۆیە هەمووی كۆدەكرێتەوە و چاوەڕێ دەكرێت تا بگاتە دەوری 60 بۆ 70 تەنكەر دواتر دەست بەداشكردنی دەكرێت.

لەبەرواری 24\10\2021ەوە تاكو بەرواری 3\11\2021 بەڕێكوپێكی نەوت دەگەیشتە پارێزگای سلێمانی و بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشدەكرا، بەڵام لەدوای ئەوەوە خاوبوونەتەوە و سستی تێكەوتووە، بەجۆرێك لەبەرواری 8\11\2021ەوە هیچ بڕە نەوتێك بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشنەكراوە.

بەوهۆیەوە نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی لەبازاڕەكانی هەرێم بەرزبۆتەوە بۆ 175 هەزار دینار و لیترێكیش لەبەنزینخانە بە 775 دینار دەفرۆشرێت.

هەموو پارێزگای سلێمانی پێویستی بە ١١٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە، بەڵام ئەم بڕە نەوتە نە حكومەتی هەرێم ئامادەیی هەیە دابینی بكات، نە حكومەتی عێراق.

پێشتر نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی لەبازاڕەكانی هەرێم دابەزی بۆ 150 هەزار دینار، بەڵام بەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم لەم خەمساردییەی بەردەوامە و نەوتی سپی دابەش ناكات، نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی لەبازاڕەكانی هەرێمدا بەرزدەبێتەوە.