سەردێر

كۆرۆنا مەترسیدارەكە، هاتووچۆی گەشتیاری لە جیهان دەوەستێنێت

خەڵك-

ئەمریكا لە 29ی ئەم مانگەوە قەدەغەی هاتووچۆی گەشتیاری لە 8 وڵاتی ئەفریقییەوە بەهۆی سەرهەڵدانی جۆری مەترسیداری ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕاگەیاند.

ئاژانسی (CNBC) بڵاویكردەوە، بەرپرسانی باڵای حكومەتی جۆ بایدن ئاشكرایانكردووە، لە 29ی ئەم مانگەوە گەشتی دانیشتوانی هەشت وڵاتی ئەفریقایی لەنێویشیاندا ئەفریقای باشوور قەدەغە كرد كە ڤایرۆسێكی گۆڕاوی كۆرۆنا لەو ناوچانەوە سەریهەڵداوە و مەترسیی بۆسەر جیهان دروست دەكات.

بەپێی ئەو داتایانەی بڵاوكراونەتەوە، ڤایرۆسەكە كاریگەری لەسەر دانیشتوانی ئەفریقای باشوور، بوتسانا، زیمبابۆ، نامیبیا، لسوتو، ئسواتینی، مۆزەمبیق و مالاوی، دروست كردووە.

هاوكات بەهۆی دەركەوتنی تووشبوویەك بە ڤایرۆسە نوێیەكە لە بەلجیكا، كۆمسیۆنی ئەوروپا ئاشكرایكرد، پێویستە سەرجەم وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا گەشتەكانیان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ڤایرۆسەكەی تێدا بڵاوبووەتەوە ڕابگرن.

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بڵاویكردەوە، ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاوی نوێ، مەترسی زیاتر لەسەر هاووڵاتیان دروست دەكات، بەشێوەیەك ئەگەری هەیە ڤاكسینەكان كاریگەرییان لەسەر زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسەكەدا نەبێت.

هەر بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە ئەمڕۆ ڕێكخراوی بازرگانی جیهانی دوازدەهەمین كۆنگرەی خۆیان بۆ كاتێكی نادیار دواخست، ئەویش بەهۆی نەبوونی هاتوچۆی ئاسمانی لەنێوان وڵاتان.