سەردێر

هەرێم بۆ بەنزین و نەوت چاوی لە دەستی عێراقە

خەڵك-
سەرەڕای چەند جارێك بەڵێندان بۆ هەرزان كردنی نرخی بەنزین و دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا، بەڵام تا ئێستا نرخی بەنزین هەر گرانە و لەگەڵ ساردبوونی كەشوهەوا، حكومەتی هەرێمیش لە دابەشكردنی نەوت ساردبۆتەوە و چاوی لە حكومەتی عێراقە نەوت و بەنزینی بۆ ڕەوانە بكات.

هاووڵاتیان چاوەڕێی بەڵێنی حكومەتن بۆ نەوت
ماوەی زیاتر لە مانگێكە دابەشكردنی نەوتی سپی بە 55 هەزار دینار دەستی پێكردووە، بەڵام تا ئێستا بەشێكی ناوچە شاخاوییەكان دابەشكراوە و لەناو شارەكان هێشتا نەوت دابەش نەكراوە، تەنها لە سلێمانی نەوت دراوە بە هاووڵاتیانی مەڵبەندێك و بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) ڕۆژانە بڕێكی زۆر كەم نەوت دێت و هەندێك كات دەوەستێت و ئەم هەفتەیە نەوت دابەش نەكراوە.

گولیزار ڕەشید سندی، جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەو نەوتەی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت، حكومەتی هەرێم لە حكومەتی عێراقی كڕیوە و تا ئێستا لە ناوچە شاخاوییەكان نەوت دابەش دەكرێت، كە لە هەولێر 9 ملیۆن لیتر دابەش كراوە و لە دهۆكیش نزیكەی ئەو بڕەیە، لەكاتێكدا ناوچە شاخاوییەكانی هەولێر پێویستی بە 23 ملیۆن لیتر هەیە.

جەختیشی كردەوە، پێویستە هەرێم لەگەڵ عێراق بگاتە لێكتێگەیشتنێك تاوەكو هەرێم لە سووتەمەنی بێبەش نەكرێت، چونكە هەرێم بەشێكە لە عێراق و چۆن پاڵپشتی بۆ پارێزگاكان لە نەوت و بەنزین دابین دەكات ئاواش بۆ هەرێم دابینی بكات، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم لەگەڵ عێراق ڕێكبكەوێت.

وتیشی، “وەزیری سامانە سروشتییەكان دڵنیایی ئەوەی پێداوین، كە هەموو هاووڵاتیان نەوت وەردەگرن، بەڵام تاوەكو ئێستا نەك لە شارەكان نەوت دابەش نەكراوە، بەڵكو زۆربەی هاووڵاتیانی ناوچە شاخاوییەكانیش نەوتیان وەرنەگرتووە، بۆیە ئەگەر بەو شێوازەبێت، كە بە سستی دێت و ڕۆژانە تەنكەرێك بۆ دوو تەنكەرە ئەوا من گەشبین نیم بەشی هەموو هاووڵاتیان نەوت بدرێت”.

حكومەتی هەرێم تا ئێستا بەنزینی هەرزان نەكردووە
سەرەڕای بەڵێنی حكومەتی هەرێم بۆ هەرزان كردنی نرخی بەنزین و پێدانی بەنزین بە كارت بە تاكسی و پاسەكان، بەڵام تا ئێستا نرخەكەی هەرزان نەكردووە و وەك جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكانی پەڕلەمانی كوردستان دەڵێت: “چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەكات سەبارەت بە نرخی بەنزین و ئەو پێشنیارانەی پێماندوان بۆ چارەسەری كێشەی بەنزین”.

ڕاشیگەیاند، داوامان لە وەزارەت كردووە كێشەی بەنزین بەزووترین كات چارەسەر بكەن و ئەوانیش بەڵێنیان داوە، بەڵام داوایان كردووە كاتیان پێ‌ بدەن تاوەكو كێشەكە چارەسەر بكەن و نرخی بەنزین هەرزان بكەن.

وتیشی، “بەپێی پێشنیارەكانی ئێمە، ئەو بەنزینەی لەناو هەرێم بەرهەم دەهێنرێت بڕەكەی زیاد بكرێت و بە یەك نرخی یەكگرتوو بدرێتە سەرجەم شارەكان و بەنزینخانەكان و جیاوازی نرخ نەهێڵدرێت”.

سەبارەت بە هەرزانی نرخی بەنزین لە عێراق لەكاتێكدا بەشێكی ئەو بەنزینە لە پاڵێوگەكانی هەرێمەوە دەچێتەوە بۆ عێراق، ئەو پەڕلەمانتارە ئاماژەی بەوەكرد، ئەو پاڵێوگانەی لە هەرێم هەن نەوتی خاوی عێراقیان پێ‌ دەدرێت و دواتر دەیپاڵێون و بەرهەمەكانی وەكو بەنزین دەدەنەوە بە عێراق خۆی، بەڵام لە هەرێم ئەو بڕە نەوتی خاوەی دەدرێت بە پاڵێوگەكان كەمە و بەشی پێداویستی ناوخۆ ناكات.

ئاشكراشی كرد، پێنشیارێكی دیكەمان ئەوە بووە بڕی پێدانی نەوتی خاو بە پاڵێوگەكان زیاد بكرێت و هەروەها دەروازەكان ئازاد بكرێن بۆ هێنانی بەنزین بە كوالێتی باش و مۆڵەتی زیاتر بدرێت بە بازرگانان و هەروەها ڕێگە بدرێت ڕۆژانە بەنزین لە عێراقەوە بهێنرێتە هەرێم.

دەشڵێت: “جەختمان لەوەكردۆتەوە تەكسی و پاس ڕۆژانە بەنزینیان بدرێتێ‌ بەنرخی هەرزان و بەپێی بەدواداچوونیش ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی بۆ ئەوە داوە”.

جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكانی پەڕلەمانی كوردستان جەختیشی كردەوە، كە هاووڵاتیانی هەرێمیش وەك هاووڵاتی عێراقی مافی ئەوەیان هەیە لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە نەوت و بەنزین بەنرخی هەرزان بۆیان ڕەوانە بكرێت.