سەردێر

عیراق سود لە كارەبای هەرێم وەردەگرێت

خەڵك
عیراق بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە پڕۆژەی پێوەری زیرەك، رۆڵی كەرتی تایبەت لە بواری كارەبا، بەكارهێنانی گازی بەفیڕۆچوو كێڵگە نەوتییەكان بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا و بەهێزكردنی تۆڕی كارەبای نێوان هەرێم و عیراق شاندێكی ناردووەتە هەرێمی كوردستان.

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە “عیراق بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە پڕۆژەی پێوەری زیرەك، رۆڵی كەرتی تایبەت لە بواری كارەبا، بەكارهێنانی گازی بەفیڕۆچوو كێڵگە نەوتییەكان بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا و بەهێزكردنی تۆڕی كارەبای نێوان هەرێم و عێراق شاندێكی ناردووەتە هەرێمی كوردستان”.

ئاماژە بە ئەوەشكراوە، “لە كۆبوونەوەیەكدا كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا لەگەڵ شاندی وەزارەتی كارەبای عیراق، پوختەیەكی سەبارەت بە كەرتی كارەبای هەرێم خستەڕوو، ئامادەیی هەرێمیشی بۆ هاوكاریكردنی عێراق بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموون و تواناكانی پیشاندا بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی كوردستان و عیراق سوودمەند بن”.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە كۆبوونەوەكەدا باسیشیان لە پڕۆژەی هێڵی گواستنەوەی كارەبای 400 كەی ڤی لە توركیاوە بۆ كوردستان و عیراق كرد كە لە قۆناغی تەواوبوون دایە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، باس لە دامەزراندنی وێستگەی كارەبای شێخان كراوە، كە بودجەكەی لەلایەن عێراقەوە دیاریكراوە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە. بڕیاریاندا كەشفی بۆ بكرێت و دواتر دەست بە جێبەجێكردنی بكرێت. هەروەها باس لە قەزای بەردەڕەش و چەندین قەزا و ناوچەی دیكەی هاوشێوە كرا.

ئاماژە بە ئەوەشكراوە، وەزیری كارەبای عیراق بانگهێشتی وەزیری كارەبای هەرێمی كرد بۆ بەغدا بۆ دابینكردنی كارەبا بۆ ناوچەكانی مادەی 140 .