سەردێر

ماددەی دیكە بۆ بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان زیاد دەكرێت

سەبەتەیەكی دیكەی خۆراك و بەشەئارد دابەش دەكرێت

خەڵك-
وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشكرای دەكات، هاوكات لەگەڵ ئامادەكردنی بەشەئاردی مانگی 9ی ئەمساڵ، دەستیان بە دابەشكردنی سەبەتەی خۆراكی سێیەم كردووە، كە پێكهاتووە لە 7 ماددەی خۆراكی و جەختیشدەكاتەوە، داوای زیادكردنی پارەیان كردووە تاوەكو ماددەی دیكەش بۆ بەشەخۆراك زیادبكرێت.

حكومەتی عێراق لە نیوەی ئەمساڵەوە دەستی كردووە بە دابەشكردنی سەبەتەی خۆراكی لەچوارچێوەی پسووڵەی خۆراكی مانگانە، كە جگە لە ئارد هەریەكە لە ماددەكانی (برنج، شەكر، زەیت، دۆشاوی تەماتە، فاسۆلیا، لەتكەنۆك یان نیسك) دابەش دەكات.

عەلا جبوری، وەزیری بازرگانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا دەست بە دابەشكردنی سەبەتەی سێیەمی خۆراك دەكەین و لەگەڵ ئەوەشدا بەشە ئاردی مانگی 9 دابەش دەكرێت.

ڕاشیگەیاندووە، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران هاووڵاتیانی كەمدەرامەت لە سەبەتەی خۆراكی سوودمەند دەبن و گەنجینەكانی وەزارەت ئامادەكارییان كردووە بۆ ڕادەستكردنی ئەو بەشەخۆراكە بە پارێزگاكان، كە لە 7 ماددەی سەرەكی پێكهاتوون.

جەختیشی كردۆتەوە، تیمی چاودێری وەزارەت سەرپەرشتی و چاودێری دابەشكردنی بەشەخۆراك دەكات تاوەكو بەشێوەیەكی باش و بێ‌ كەموكوڕی دابەش بكرێت؟

وەزیری بازرگانی وتوشیەتی، “وەزارەت پلان و بەرنامەی هەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەكانی نەوت و دارایی بۆ زیادكردنی تەرخانكراوی دارایی تاوەكو سەبەتەی خۆراكی بەردەوام بێت و ماددەی دیكەش زیادبكرێت بۆ بەشەخۆراكی مانگانە”.