سەردێر

پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو لەباردەبرێت یان بە نەخۆشی لەدایكدەبێت؟

"مامەڵەكردنی حكومەتی هەرێم لەگەڵ پڕۆژەیاسای بودجە چارەسەری قەیرانەداراییەكان ناكات"

خەڵك-

ئەندامێكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كابینەی پێشو و ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێم شكستخواردوو بوون لەوەی بابەتە داراییەكان بخەنەسەر سكەی خۆی.

هەرچەندە سەرۆكی ەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند، بۆ ئەمساڵ پڕۆژە یاسای بودجە دەنێرین بۆ پەڕلەمان، بەڵام حكومەت نەیتوانی ئەو بەڵێنە بباتەسەر و پڕۆژەكە ئامادە نەكرا، بەپێی زانیارییەكان، بۆ ساڵی داهاتوو بەنیازی نووسینەوەی ئەو پڕۆژە یاسایەیە، بەڵام نازانرێت ئاسا ڕەوانەی پەڕلەمان دەكرێت یان پێش ناردنی لەبار دەبرێتەوە.

عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەم كابینەیە درێژەپێدەری هەمان سیاسەت و شێوازی بەڕێوەبردن و كاركردنی كابینەكەی پێشووە و هەردوو كابینەكە شكستخواردوو بوون لەوەی بتوانن بابەتە دارایی و ئابورییەكان بخەنەسەر سكەیەكی یاسایی نیشتمانی ئوسوڵی.
وتیشی”ئەگەر ئەنجومەنی وەزیران بەتەمایە پڕۆژەیاسای بودجە بەشێوەیەكی ئوسوڵی و گونجاو بنێرێتە پەڕلەمان، پێویست بوو لە سەرەتای مانگی 10 بینێرێت، ئەو لە سەرەتای مانگی 10 بیری لەوە كردووەتەوە گشتاندن بكات بۆ وەزارەتەكان و خۆی ئامادە بكات، بەم شێوازە مامەڵەكردن لەگەڵ یاسای بودجە ئەگەر بیشتوانن ئامادەی بكەن زۆر دوادەكەوێت، چونكە یاسای بودجە كاتێك باشە لە 1-1-2022 پەسەندكرابێت و ڕێنمایی بۆ دەركرابێت و لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیراندا بێت بۆ جێبەجێكردن”.
ئاشكراشیكرد، ئەگەر بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵ بكەن، جگە لەوەی زۆر دوادەكەوێت، ناشتوانن پڕۆژە یاسای بودجە بنێرن كە بتوانێـت چارەسەری قەیرانە ئابووری و داراییەكانی هەرێمی كوردستان بكات.