سەردێر

بەرپرسێكی دارایی: دەكرێت دۆلار بگێڕدرێتەوە بۆ نرخی پێشووی

خەڵك-
بەڕێوەبەری دیوانی چاودێری دارایی پێشووی عیراق باس لە گێڕانەوەی نرخی دۆلار دەكات بۆ نرخەكەی پێشوو و پێیوایە، بودجەی ساڵی داهاتوو جیاوازییەكی وەهای لەگەڵ بودجەی پێشوودا نابێت.

سەڵاح نوری، بەڕێوەبەری دیوانی چاودێری دارایی پێشووی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”بەپێی زانیارییەكان، بودجەی گشتی ساڵی داهاتوو جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ بودجەی ساڵانی پێشوودا نییە لەڕووی داهات و خەرجییەكان و بە هەمان میكانیزم دەبێت، شێوازیی ئامادەكردن و بنمیچی دارایی و خەرجییەكانیش هاوشێوەن”.

بە وتەی نوری”دەكرێت بەشێوەیەكی پلەبەندی چاو بە نرخی خەرجی دۆلاردا بخشێنرێتەوە، گەڕانەوەش بۆ نرخی پێشووی ناكرێت وەك شێوازیی گۆڕینی نرخەكەی بێت”، ئاماژەی بە مانەوە و نەگۆڕینی نرخی خەرجی دراوەكەش كرد لە بودجەی 2022.

بەڕێوەبەری پێشووی چاودێری دارایی دەڵێت”بەرزبوونەوەی نرخی خەرجی دۆلار كاریگەریی گەورەی لەسەر ڕەوشی گوزەرانی هاووڵاتیان دروستكرد، تەنیا وەزارەتی دارایی سودمەند بوو لەڕێی زیادبوونی پارەی كاش و خەرجكردنی مووچەكان بەبێ‌ ئەوەی پەنا بۆ قەرزكردن ببات”.

سەڵاح نوری پێیوایە”نرخی خەرجی ئێستا، بووە مایەی كەمكردنەوەی توانای كڕینی هاووڵاتی عیراقی (فەرمانبەر) بە ڕێژەی 48%، چینە فشەڵەكانیش زیانی گەورەترییان بەركەوت”.