سەردێر

ئاڵتون گرانترین نرخ تۆمار دەكات

خەڵك-

بە بەراورد بە ماوەی كەرەنتینە و بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، نرخی زێڕ لە بۆرسەی جیهانی بەرزترین ئاست تۆماردەكات و بەپێی پێشنبینی شارەزایانی ئابووری، نرخەكەی زیاتر بەرزدەبێتەوە.

ساڵی ڕابردوو لەكاتی داخستنی بازاڕەكان بەهۆی كەرەنتینە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە نرخی یەك ئۆنسە زێڕ گەیشتە نزیكەی 2 هەزار دۆلار، بەڵام دوابەدوای دەستپێكردنی كوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا و كرانەوەی بازاڕەكان و دەستپێكردنەوەی جوڵەی ئابووری نرخەكەی بۆ 1700 دۆلار دابەزییەوە.

دانا وەرتی، خاوەنی زێڕنگەری ئازوورا لە هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئۆنسەی زێڕ 1873.84 دۆلارە و بەوەش نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بووە بە 390 هەزار دینار.

ڕاشیگەیاند، ئۆنسە لە هەوڵی تێپەڕاندنی ئەو خاڵەیە (1873 دۆلار) و بە شکانی ئەو خاڵە واتە ئۆنسە خۆی بۆ 1905 دۆلار حازر دەکات، بەڵام ئەگەر ئەو خاڵە تێنەپەڕێنێت ئەوا نرخەكەی دادەبەزێتەوە بۆ 1857 و 1842 و دواتر 1835 دۆلار.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە دوێنێ‌ دوو شەممە 15-11-2021، شارەزایان لە بانکی سویستیه جەنڕاڵ پێشبینی ئەوەیان کرد، کە نرخی ئاڵتون لە ماوەی داهاتوودا بەرز دەبێتەوە بۆ 1980 دۆلار، ئەگەر ئۆنسەی زێڕ ئاستی 1875 دۆلار بشکێنێت، ئەوەش لەو كاتەی دەگاتە 1930 دۆلار و دواتر 1965 دۆلار و دواتر 1980 دۆلار.