سەردێر

تەندروستی بڕیارێكی بۆ فەرمانبەران دەركرد

خەڵك-
دوابەدوای گشتاندنی وەزارەتی دارایی بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بڕیاریدا لەماوەی 3 ڕۆژدا سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست فۆڕمی زانیاری پڕبكەنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لە گشتاندنەكەیدا بۆ گشت بەڕێوەبەرایەتی و نەخۆشخانە و بنكەی تەندروستیەكان ئاماژەی بەوەكردووە، بەشی یاسایی و گرێبەستەكان لەدیوانی بەڕێوەبەرایەتی،ئاگاداری دەستەی كارگێڕی گشت دەزگاكانی تەندروستی سنوری بەڕێوەبەرایەتیمان دەكەینەوە،هەر فەرمانبەرێكی گرێبەست پێویستە ئەم فۆڕمەی، كە بۆتان هاتووە پڕبكاتەوە.

ڕاشیگەیاندووە، دەبێت بۆ ماوەی (3) ڕۆژ لەلایەن فەرمانبەرانی گرێبەست پڕبكرێتەوە و ڕەوانەی بەشی یاسایی و گرێبەستەكان لەدیوانی بەڕێوەبەرایەتیمان بكرێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، فەرمانبەری گرێبەست لە فۆڕمەكە تا خاڵی (٨) دەتوانن پڕ بكەنەوە و دواتر پەنجەمۆری خۆیان بكەن.

جەختیشی كردۆتەوە، لە خالی (٩) تا كۆیایی خاڵ لەلایەن بەشی ژمێریاری پڕدەكرێتەوە.

پێشتر (خەڵك) دەقی ڕێنمایی دارایی و فۆڕمی فەرمانبەرانی گرێبەستی بڵاوكردەوە، كە ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان كراوە بۆ پڕكردنەوەی تاوەكو زانیاری ورد لەسەر ئەو فەرمانبەرانە كۆبكرێتەوە بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر دامەزراندنیان بە هەمیشەیی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە.