سەردێر

وەزارەتی دارایی گشتاندنێك بۆ فەرمانبەران دەكات

خەڵك-
وەزارەتی دارایی و ئابووری گشتاندنێك بۆ وەزارەتەكان دەكات سەربارەت بە كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست و جەختیشدەكاتەوە، كە پێش مووچەی مانگی 11 دەبێت تەواوی فۆڕمەكان بە پڕكراوی بگەڕێنرێنەوە.

وەزارەتی دارایی هەرێم لە گشتاندنێكدا، كە فۆڕمێكی پێوە هاوپێچە و لە 9ی ئەم مانگە ئاڕاستەی وەزارەتەكانی كردووە ئاماژەی بەوەكردووە، لەپێناو كۆكردنەوەی داتا و زانیاری لەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر بودجەی (ئاسایی و پەرەپێدان و پێشینەی بەردەوام و داهات) ئەو فۆڕمە تایبەت بە فەرمانبەرانی گرێبەست پێش خەرج كرجنی مووچەی مانگی 11 پڕبكرێتەوە و بگەڕێنرێتەوە بۆیان.

ڕاشیگەیاندووە، هەر فەرمانبەرێكی گرێبەست فۆڕمە كەسییەكە پرنەكاتەوە مووچەكەی ڕادەگیرێت.

وەك لە فۆڕمەكەدا دەردەكەوێت، كە وێنەی دەست (خەڵك) كەوتووە، سەرجەم زانیارییەكانی فەرمانبەری گرێبەست لە ناوی چواری و بڕوانامە و جۆرەكانی دەرماڵە و مووچەی گرێبەست و مووچەی بنەڕەتی بە هەمیشەیی و چەندین زانیاری تری تێدایە.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) پڕكردنەوەی ئەم فۆڕمە و كۆكردنەوەی زانیارییەكان لەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست بۆ ئەوەیە تەواوی وردەكارییەكەی بدرێتە ئەنجوومەنی وەزیران تاوەكو بڕیاری بەهەمیشەیی بوونیان بۆ دەربچێت.