سەردێر

“قەرزی دەرەكی عیراق بۆ 20 ملیار دۆلار دابەزیوە”

خەڵك

ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت، قەرزی دەرەكی وڵاتەكەمان بۆ 20 ملیار دۆلار دابەزیوە، دووپاتیشی دەكاتەوە كە ساڵی 2022 دوور دەبێت لە قەیرانی دارایی‌و بوونی كۆتوبەند لەسەر پارەداركردن.
مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژكاری دارایی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایگەیاند، لەسەر بودجەی گشتی بەشێكی زۆری قەرزی دەرەكی دراوەتەوە، بەڵام قەرزی ناوخۆیی تائێستاش لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە‌ و سێ‌ هێندەی قەرزی دەرەكی دەبێت، بەڵام لە چوارچێوەی سیستمی دارایی حكومەتدایە و هیچ پەیوەندییەكی بە هاووڵاتیانەوە نییە.

مەزهەر محەمەد ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆی بوژانەوەی بازاڕەكانی وزە و زیادبوونی خواست لەسەر نەوت و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەبڕی 400 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، دەتوانێت ساڵانە 17 ترلیۆن دینار بۆ داهاتی وڵاتەكەمان زیاد بكات، بەمەرجێك بەتێكڕا نرخی بەرمیلێك نەوت 75 دۆلار بێت.

ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق دووپاتیشیكردەوە، ئەگەر بەتێكڕا نرخی بەرمیلێك نەوت 75 دۆلار بێت، ئەوا لە ساڵی 2022دا بەتەنها داهاتی نەوت دەتوانێت هەموو خەرجییەكانی نێو بودجە دابین بكات و عیراق دوور بخاتەوە لە قەیرانی دارایی.