سەردێر

نرخی ئارد هەرزان دەكرێت

خەڵك-
بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی نرخ لە بازاڕ و ڕێگری لە گرانی و قۆرخكاری، وەزارەتی بازرگانی بڕیاریدا نرخی ئارد هەزران بكات و بڕێكی زۆر ئارد بخاتە بازاڕەوە و بەشە ئاردی مانگی 9ی ئەمساڵیش دابەش بكات.

وەزارەتی بارزگانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە 24 كاتژمێری داهاتوودا دەست بە دابەشكردنی بەشێكی دیكەی بەشەئارد بەسەر هاووڵاتیاندا دەكرێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، عەلا جبوری، وەزیری بازرگانی، كۆمپانیای گشتی دروستكراوی دانەوێڵە و كۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵەی ڕاسپاردووە بۆ دابەشكردنی بەشە ئاردی مانگێكی دیكە.

ڕاشیگەیاندووە، بڕیاری وەزارەت بۆ خۆگونجاندنە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی بازاڕ، كە هاووڵاتی بە گران ئاردی دەست دەكەوێت، بەڵام بە دابەشكردنی ئەو ئاردە و خستنەبازاڕی بڕێكی زۆری ئارد نرخەكەی دادەبەزێت.

ئاشكراشی كردووە، وەزارەت كۆگای باشی هەیە لە گەنمی جوتیاران و بەردەوام بۆ ئاشەكانی دابین دەكات تاوەكو بكرێت بە ئارد و دابەش بكرێت و بۆ نانەواخانە و فڕنەكانیش چەند پێشنیارێك هەیە تاوەكو لەڕێگەی وەزارەتەوە ئاردیان پێ‌ بدرێت.