سەردێر

ڕێكارەكانی دابەزینی نرخی بەنزین پەسەند كران

خەڵك-
لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەڕلەمانی كوردستان لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەكان كۆدەبێتەوە و جێگری سەرۆكی لیژنەكە ئاشكرای دەكات، كە وەزیر ڕێكار و پڕۆژەكەی بۆ هەرزان كردنی بەنزین پەسەند كردووە و بەڵێنی جێبەجێ‌ كردنی داوە.

گوڵیزار ڕەشید سندی، جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، وەزیری سامانە سروشتییەكان دڵنیایی ئەوەی پێداین، كە كێشەی بەنزین چارەسەر بكەن و نرخەكان هەزران بكەن و چەند بەنزینخانەیەكی حكومی لە شارەكان بكەنەوە بۆ پێدانی بەنزینی حكومی.

ڕاشیگەیاند، ئێمە پێشنیار و ڕێكارەكانی خۆمان ئاڕاستەی وەزیر كرد بۆ دابەزینی نرخی بەنزین و زیادكردنی بڕی بەنزین و ئەویش بەڵێنی جێبەجێكردنی پێداین.

دەربارەی پێشنیارەكانی لیژنەكەیان ئەو پەڕلەمانتارە وتی، “پێشنیارەكان ئەوەیە، بازاڕ ئازاد بكرێت بۆ هێنانی بەنزین لە دەرەوە و هەروەها ڕێگا بە هێنانی مشتەقاتی نەوتی بدرێت لەعێراقەوە بۆ هەرێم و هاوكات چەند بەنزینخانەیەكی حكومی لە شارەكان بكرێتەوە بە پاڵپشتی حكومی بەنزین و سووتەمەنی بدرێت بە پاس و تەكسی بە نرخی پاڵپشتی بەنزینیان پێ‌ بدرێت”.

وتیشی، “بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بەنزین بەبڕی 3.5 ملیۆن لیتر بەرهەم بهێنرێت و بە دادپەروەرانە دابەشی سەر پارێزگاكان بكرێت و یەك نرخی جێگیر هەبێت بۆ بەنزینی نۆرمان لە بەنزینخانەكان نەك هەر بەنزینخانەیەك بە نرخێك بیفرۆشێت”.

وەك جێگری سەرۆكی لیژنەی وزەی پەڕلەمان ئاشكرای كرد، كاتێكی دیاریكراو بۆ جێبەجێ‌ كردنی دیاری نەكراوە، بەڵام وەزیر دڵنیایی دا، كە بەزووترین كات كار بەو پێنیار و ڕێكارانە دەكەن و بەهۆیەوە نرخی بەنزین دادەبەزێت و بڕەكەشی لە ناوخۆدا زیاد دەبێت.