سەردێر

خشتەی مووچە گۆڕانكاری تێدا كرا

خەڵك-
ماوەی دوو ڕۆژە دابەشكردنی مووچە دەستی پێكردووە و بڕیار بوو ئەم هەفتەیە مووچەی وەزارەتی ناوخۆش دابەش بكرێت، بەلام دواخرا بۆ هەفتەی داهاتوو.

بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی دارایی هەرێم، گۆڕانكاری لە لیستی مووچە كراوە و گەنجینەكان ڕاسپێدراون، كە سبەینێ‌ و دوو سبەی (چوار شەممە و پێنج شەممە) تەنها مووچەی وەزارەتی دارایی و هێزەكانی 70 و 80 دابەش بكەن.

هاوكات، بەیجی هێزەكانی ناوخۆ بڵاویكردەوە، كە دابەشكردنی مووچەی هێزەكانی ناوخۆ دواخراوە بۆ هەفتەی داهاتوو، پێنج شەممە دابەش ناكرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە بەپێی خشتەی دیاری كراوی وەزارەتی دارایی، كە مانگانە كاری پێدەكات، بە یەك ڕۆژ مووچەی دارایی و هێزەكانی 70 و 80 دابەش دەكرێت و بڕیار بوو ڕۆژی پێنج شەممە مووچەی وەزارەتی ناوخۆ دابەش بكرێت.

بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە (خەڵك) پەیوەندی كرد بە ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی هەرێم، بەڵام پەیوەندییەكەی بەردەست نەبوو.

پێشتر ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی هەرێم لە كۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیەكانی باجەكان و خانووبەرەی میری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە لەسەر نەبوونی سیولەی سنوورەكە ڕایگەیاند، “وەكو پێویست ناتوانن داهاتی باج كۆبكەنەوە ئەمەش بۆتە گرفتێك بۆ نەبوونی سیولە (پارەی نەختێنە) ئەمەش وایكردووە هەندێك لە فەرمانگەكان مووچەكانیان درەنگتر وەربگرن”.