سەردێر

پسووڵەی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان دەگۆڕێت

خەڵك-

وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، چاپكردنی پسووڵەی خۆراكی مانگانە بەشێوەی ئەلیكترۆنی و كارتی زیرەك لەزووترین كاتدا تەواودەبێت و بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراكی سلێمانی دەڵێت: “تا ئێستا ڕوونكردنەوەی تەواو نەدراوە بە ئێمە”.

یاسین حەمە، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراك لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، تا ئێستا وردەكاری لەسەر شێوازی پسووڵەی خۆراك لەلایەن وەزارەتی بازرگانی هەرێمەوە نەدراوە بە ئێمە.

ڕاشیگەیاند، ئەگەر وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیاریدابێت پسووڵەی خۆراك بكاتە ئەلیكترۆنی، ئەوا وەزارەتی بازرگانی هەرێم ڕێنمایی لەسەر ئەو بابەتە دەردەكات و ئەوكات ئێمەش زانیاری و بەرچاو ڕوونیمان دەبێت، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەكمان پێ‌ نەدراوە و نازانین چۆن دەبێت.

وتیشی، “بۆ نوێ كردنەوەی پسووڵەی خۆراك چاوەڕێین بزانین بەهەمان شێوەی ڕابردوو نوێ‌ دەكرێتەوە یان دەبێت بەو شێوازە نوێیە ئەلیكترۆنییە”.

لای خۆشیەوە، وەزارەتی بازرگانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، وەزارەتەكەیان لەگەڵ بەرنامەی خۆراكی جیهانی و بەسەرپەرشتی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی نوێنەران و فەرمانگەی پلاندانان كاریكردووە لەسەر پڕۆژەیەك بۆ ئەوەی پسووڵەی ئەو كەسانەی، كە چاودێری كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە بۆ وەرگرتنی سەبەتەی خۆراكی و بەشە ئاردی مانگانە بكرێت بە ئەلیكترۆنی و لەو ڕێگەیەوە بەشەخۆراكی مانگانەیان وەرگرن.

باسی لەوەشكردووە، پسووڵەكە دەكرێتە كارتێك و ژمارەی نهێنی لەسەرە و بە مۆبایلیش ئەو كەسە دەتوانێت ماددە خۆراكیەكانی مانگانەی ببینێت و لەكاتی هاتنیدا ئاگاداردەكرێنەوە و دەتوانن وەریگرێت.