سەردێر

بەنزین بۆ شارۆچكەكانی سنوری سلێمانی دەنێردرێت

 

سلێمانی ـ نزار جەزا

بڕیارە لەهەفتەی ئایندەوە ڕۆژانە 36 هەزار لیتر بەنزینی حكومەتی عێراقی بۆ هەر شارۆچكەیەكی دەرەوەی سلێمانی بنێردرێت.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) بڕیارە لەبەرواری 1/11/2021ەوە ڕۆژانە تەنكەرێك بەنزینی حكومەتی عێراقی بۆ هەر شارۆچكەیەكی دەرەوەی سلێمانی بنێردرێت.

هەر تەنكەرێك 36 هەزار لیتر لەخۆدەگرێت و هەر لیترێكی بە 690 دینار بەهاوڵاتییان دەفرۆشرێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، بەنزینخانەكانی دەرەوەی شاری سلێمانی پێكهاتوون لە:

قەزای ڕانیە: ویستگەی رانیە ئۆیەڵ
قەزای قەڵادزێ: ویستگەی ئاكام
قەزای دربەندیخان: ویستگەی چیا
قەزای شارەزوور: ویستگەی دەروازەی شار
قەزای پێنجون: ویستگەی ئاڵا
قەزای كەلار: ویستگەكانی شێروان و برایان
قەزای چوارتا: ویستگەی تەگەران
ناحیەی بازیان: ویستگەی بازیان

حكومەتی عێراق ئەو بەنزینە لەپاڵاوتگەی كار دەكڕێت، هەر لەوێشەوە راستەوخۆ بە ٦٥٠ دینار بەحكومەتی هەرێمی دەفرۆشێتەوە، حكومەتی هەرێمیش بە ٢٠ دینار خێر دەیفرۆشێتە بەنزینخانەكان، بەنزینخانەكانیش بە٢٠ دینار خێری دیكە دەیفرۆشنەوە بە هاووڵاتییان، واتە بە ٦٩٠ دینار دەگاتە دەستی هاووڵاتی.

 

ئەمە لەكاتێكدایە حكومەتی هەرێم لەڕێكەوتی (٢٠٢١/١٠/٢٤) بڕیاریدا بڕی (٥٤٠) هەزار لیتر بەنزین بگاتە وێستگەكانی هەر چوار پارێزگای هەرێمی كوردستان و لە دوو ڕۆژی ئایندەشدا ئەو بڕە بۆ دوو بەرامبەر زیاد دەكرێت.