سەردێر

برێكی دیكەی بەنزین گەیشتە سلێمانی

(خەڵك) ناوی ئەو بەنزینخانانە ئاشكرا دەكات كە بەنزینەكە دابەشدەكەن

سلێمانی ـ نزار جەزا
ئەمڕۆ سێ شەممە شەش تەنكەر بەنزینی دیكە گەیشتە سلێمانی و بەسەر شەش بەنزیخانەی دیكەدا دابەشكرا، (خەڵك) ناوی بەنزینخانەكان ئاشكرادەكات.


دوێنێ چوار بەنزینخانە لەشاری سلێمانی بەنزینی حكومەتی عێراقیان وەرگرت و بە نرخی 690 دینار دەستیان بەفرۆشتنی كرد، ئەمڕۆش شەش تەنكەری دیكە گەیشت و دابەشكرا بەسەر شەش بەنزینخانەدا.

 

تاكو بەرواری 1\11\2021 هەر ڕۆژێك پێنج تەنكەر بەنزین دەگاتە سلێمانی، دواتر ڕۆژانە دە تەنكەر دەنێردرێت.

 

بەپێی زانیارییەكان، دوێنێ بەنزینخانەكانی (وێستگەی بامۆك، وێستگەی بەختیار، وێستگەی حەوایی، وێستگەی قەیوانی ۱) بەنزینەكەی حكومەتی عێراقیان وەرگرت، ئەمڕۆش بەنزینخانەكانی (وێستگەی برایەتی، وێستگەی مژدە، وێستگەی های ماونت HM، وێستگەی هەڵەبجە گرووپ، وێستگەی ئازادی، وێستگەی سلێمانی نوێ) بەنزینیان وەرگرتووە.

 

حكومەتی عێراق ئەو بەنزینە لەپاڵاوتگەی كار دەكڕێت، هەر لەوێشەوە راستەوخۆ حكومەتی عێراق بە ٦٥٠ دینار بەحكومەتی هەرێمی دەفرۆشێتەوە، حكومەتی هەرێمیش بە ٢٠ دینار خێر دەیفرۆشێتە بەنزینخانەكان، بەنزینخانەكانیش بە٢٠ دینار خێری دیكە دەیفرۆشنەوە بە هاوڵاتییان، واتە بە ٦٩٠ دینار دەگاتە دەستی هاوڵاتی.

 

ئەمە لەكاتێكدایە حكومەتی هەرێم لەڕێكەوتی (٢٠٢١/١٠/٢٤) بڕیاریدا بڕی (٥٤٠) هەزار لیتر بەنزین بگاتە وێستگەكانی هەر چوار پارێزگای هەرێمی كوردستان و لە دوو ڕۆژی ئایندەشدا ئەو بڕە بۆ دوو بەرامبەر زیاد دەكرێت. ئەگەر ئەم بڕیارە وەك خۆی جێبەجێبكریت، ئەو ١٠ بەنزینخانەیە هەموو ڕۆژێك بەشە بەنزینی خۆیان وەردەگرن.