سەردێر

دەروازەی پەروێزخان داخرا

باج و ڕسوماتی زۆر لە شۆفێران وەردەگیرێت

خەڵك
ژمارەیەك  شۆفێرى بارهەڵگر لەبەردەم دەروازەی نێو دەوڵەتی پەروێزخان لەبەرامبەر زیادكردنی باج و ڕسومات لەسەریان مانیان گرتووە و دەروازەكەیان داخستووە.

نەوزاد حەمید، نوێنەری شۆفێرەكان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، باج و ڕسوماتێكی زۆر لە شۆفێران وەردەگیرێت ، ئامێرێكی سۆنەركردن لە دەروازەكە دانراوە كە بڕی 37 هەزار دینار لە هەر شۆفێرێك وەردەگرن بۆ سۆنەركردن.

نەوزاد دەڵێت، بە هۆی ئەو باج و ڕسوماتەوە، بارەكان گران دەكەوێت لەسەر شۆفێران.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، تا ئێستا هیچ كەسێك لە كاربەدەستانی دەروازەكە نەهاتووە بە دەنگمانەوە و وەڵام نەدراوینەتەوە، هەتاكو وەڵامیش وەر نەگرین ڕێگا بە كردنەوەی دەروازەكە نادەین.

ژمارەی ئەو شۆفێرە بارهەڵگرانەی لە دەروازەكەوە هاتووچۆ دەكەن 2 هەزار و 700 شۆفێرە، كە نزیكەی 600 شۆفێریان ئەمڕۆ مانیانگرتووە و دەروازەكەیان داخستووە.

No description available.