سەردێر

سامانە سرووشتییەكان: هاوردەكردنی سووتەمەنی تەنیا بە ڕەزامەندی وەزیر دەبێت

خەڵك

وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان لە نووسراوێكدا ئاماژە بەوە دەكات، هاوردەكردن و هەناردەكردنی هەموو جۆرەكانی سووتەمەنی دەبێت بە ڕەزامەندیی وەزیر بێت. پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، گرنگ ئەوەیە كوالێتیی باش بێت و قۆرغكاری نەكرێت.
نووسراوەكەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ژمارە (820)ـە و لە 4-10-2021 دەرچووە، ڕاگەیەنراوە كە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەكرێت، لە نووسراوەكەدا هەروەها هاتووە، “دوابەدوای فەرمانی وەزارییمان ژمارە (8102) لە ڕێكەوتی 4-10-2021، بڕیارماندا كە ڕێگەپێدانی هاوردەكردن و هەناردەكردنی تەواویی بەرهەمە نەوتییەكان، پاشماوە نەوتییەكان، ماددە كیمیاییەكان و هەر ڕێگەپێدانی دیكە كە تایبەتە بە گواستنەوەی كەلوپەل و پێداویستییەكانی كۆمپانیاكانی نەوت و گازی نێودەوڵەتی و خزمەتگوزراییەكان، تەنیا بە ڕەزامەندیی وەزیر دەبێت بەپێی ڕێنماییە كارپێكراوەكانی وەزارەتمان.”

لەبارەی ئەو نووسراوەوە ئەمڕۆ هەینی 22-10-2021، كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە، نووسراوەكەیان بەدەست گەیشتووە و وتیشی، “پێمانوایە ئەوە چارەسەر نییە و قۆرغكاری زیاتر دەكات. دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاسانكاریی تەواو بۆ هاوردەكردن بكات.”