سەردێر

لەبارەی پەتاتەوە مەرزە سنورییەكان ئاگاداردەكرێنەوە

خەڵك-
وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق، داوا لە دەزگا ئەمنییەكان دەكات لە مەرزە سنورییەكان، ڕێگە لە هاتنەناوەوەی پەتاتە بگرن، بەو هۆیەی بەرهەمهێكی زۆری ناوخۆ هەیە.

بەپێی بەیاننامەیەك كە ئەمڕۆ هەینی لەلایەن حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی كستوكاڵی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”ئەو بڕە بەرهەمەی پەتاتە كە لەنێوخۆدا هەیە، بەشی بەكاربردنی رۆژانە دەكات و ئاسایشی خۆراك دێنێتەدی”، ئاماژەی بە خۆژیەنی وڵاتیش كرد لەبارەی بەرهەمی پەتاتەوە.

بە وتەی نایف”بەرهەمهێنانی بەروبومی ستراتیژی دەستی بە گەشەكردن و زیادبوون كردووە، ئەمەش بەهۆی پشتیوانی وەزارەتەكەیان لەڕێی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ، بەو پێیەی بەرهەمێكی ستراتیژییە”.

وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق دەڵێت”زۆربەی گەنجینەكان و ساردكەرەوەكان پڕن لە بەرهەمی پەتاتە كە بەهۆی پارێزگارییە لە بەرهەمی ناوخۆ و ڕێگرتنە لە هاوردەكردنی كە دووساڵە بەردەوامن”، باسی لە پلانێكیش كرد كە بە هەماهەنگی لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرهەمهێنەران ئامادەكراوە لەپێناو گرێبەستكردن لەگەڵ گەورە بەرهەمهێنەرانی پەتاتە، بەمەبەستی هەناردەكردنی بۆ وڵاتانی كەنداو.