سەردێر

عیراق.. 96 بیری نەوتی نوێ‌ هەڵدەكەنرێت

خەڵك
وەزارەتی نەوتی عیراق پڕۆژەی هەڵكەندنی 96 بیری نەوتی لە كێڵگەی ڕۆژئاوای قوڕنە/1 لە پارێزگای بەسڕە ڕاگەیاند و چاوەڕوان دەكرێت شەش ساڵی تر بڕی 800 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی عیراق زیاد بكەن.
ڕۆژی پێنجشەممە 21-10-2021، ڕێوڕەسمی واژۆكردنی هەڵكەندنی 96 بیری نەوت بەڕێوەچوو، تێیدا ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عیراق ڕایگەیاند، گرێبەستەكە “گەورە و گرنگە و تەكنەلۆژیای نوێی تێدا بەكاردەهێنرێت”.

ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عیراق وتیشی، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی كە ڕووبەڕووی پیشەسازیی نەوت دەبنەوە، وەزارەتی نەوت پەلە دەكات لە دەستخستنی تەكنیكی نوێ بۆ گەشەپێدانی پیشەسازیی نەوت و گازی سرووشتی، جگە لە بایەخدان و پاڵپشتیی بەردەوام بۆ توێژینەوەكان كە ئەوەش كاریگەریی زۆری هەیە.

حامید یونس، بریكاری وەزارەتی نەوتی عيراق لەبارەی ڕێككەوتننامەكەوە ئاماژەی بەوەكردووە، “دەبێتە هۆی زیادكردنی توانای بەرهەمهێنان كە لە ڕێگەی هەڵكەندنی ستوونییەوە دەبێت و ئەمەش سوودی ئابووریی زۆری هەیە؛ كۆمپانیای شلمبرگەركە پڕۆژەكە جێبەجێ دەكات كە یەكێكە لە كۆمپانیا تایبەتەكانی خاوەن تەكنەلۆژیای نوێی هەڵكەندنی بیری نەوت”.

حەسەن محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای نەوتی بەسڕە لەوبارەوە رایگەیاند، كۆمپانیای شلمبرگەر هەڵدەستێت بە هەڵكەندنی 96 بیری نەوتی بە شێوەی ستوونی، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادكردنی توانای بەرهەمهێنان بە بڕی 800 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە ساڵی 2027.

كۆمپانیای شلمبرگەر گەورەترین كۆمپانیای بواری خزمەتگوزاریی كێڵگەكانی نەوتە، لە زیاتر لە 85 وڵات كار دەكات و زیاتر لە 100 هەزار كەس لە پڕۆژەكانی لە 140 وڵاتینامەی جیاواز كاری بۆ دەكەن.

جێی ئاماژەیە، كێڵگەی ڕۆژئاوای قوڕنە لە بەسڕە گەورەترین كێڵگەی نەوتی عیراقە كە 12 ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتییەتی.