سەردێر

“عیراق خاوەنی 145 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگە”

خەڵك

بەپێی داتاكانی وەزارەتی وزەی سعودیە و ڕێكخراوی ئۆپیك، لە 10 وڵاتی جیهان ڤەنزوێلا لە ڕووی یەدەگی نەوتەوە لە پلەی یەكەمدایە و خاوەنی 19.16% یەدەگی نەوتی جیهانە و و عیراق لە پلەی چوارەمدایە.
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانی كە پشتی بە داتاكانی وەزارەتی وزەی سعودیە و ڕێكخراوی ئۆپیك بەستووە، ڤەنزوێلا خاوەنی 303 ملیار نەوتی یەدەگە، كە 19.16% یەدەگی نەوتی جیهان پێكدەهێنێت‌ و لە پلەی یەكەمدایە، دوای ئەویش سعودیە لە پلەی دووەمدایە و خاوەنی 267 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگە، كە 17.2% یەدەگی نەوتی جیهان پێكدەهێنێت.

ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێران لەپلەی سێیەمدا هاتووە بە بڕی 208 ملیار بەرمیل‌ و دوای ئەویش عیراق بە 145 ملیار بەرمیل لەپلەی چوارەمدایە، كە 9.4% یەدەگی نەوتی جیهان پێكدەهێنێت.