سەردێر

ڕاوێژكارێكی كازمی: بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كورتهێنانی بودجە پڕدەكاتەوە

خەڵك

ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە سێ‌ ڕووەوە گرنگی بۆ وڵاتەكەمان هەیە ‌و گرنگترینیان پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەیە.
مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی یەك بەرمیل نەوت لانی كەم بۆ 75 دۆلار، لە سێ‌ ڕووەوە گرنگی بۆ عیراق هەیە، یەكەمیان پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەیە كە لەبودجەی ساڵی 2021 هەیەو بڕەكەی 29 ترلیۆن دینارە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لایەنی دووەم بەهەمان شێوە پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەیە كە بڕەكەی 10 ترلیۆن دینارە و بەهۆی كەمبوونەوەی داهاتە نانەوتییەكانەوە دروست بووە.

مەزهەر محەمەد ساڵح ئەوەشی خستەڕوو، گرنگی و سوودی سێیەمی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەوەیە، كە دەتوانێت پاڵپشتی خستنەگەڕی پڕۆژە ڕاوەستاوەكان بكات.

جێی ئاماژەیە، لە یاسای بودجەی ساڵی 2021ی عیراقدا نرخی یەك بەرمیل نەوت بە 45 دۆلار خەمڵێنراوە، بەڵام ئێستا یەك بەرمیل نەوت بە 85 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێت.