سەردێر

هەڵمەتی كوژاندنەوەی ئۆتۆمبێل لەناو بازاڕ دژی گرانی بەنزین دەستی پێكرد

خەڵك-
دوابەدوای خۆپیشاندانی شۆفێرانی پاس لە سلێمانی، لەناو شارۆچكەی ڕانیە لە ئیدارەی ڕاپەڕین شۆفێران هەڵمەتێكیان بۆ كوژاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكانیان دژی گرانی نرخی بەنزین دەستپێكرد.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، شۆفیران لەناو بازاڕی ڕانیە ئۆتۆمبیلەكانیان گوژاندەوە دژی گران بوونی نرخی بەنزین.

ماوەی چەند ڕۆژێكە نرخی بەنزین بەشێوەیەكی نائاسایی ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە و گەیشتۆتە سەرووی هەزار دینار بۆ یەك لیتر و لەگەڵ ئەوەشدا نرخی بەرمیلێك نەوت بەهۆی هاتنی سەرماوە گەیشتۆتە 180 هەزار دینار، ئەمە لەكاتێكدایە، كە حكومەت بەڵێنی دابوو هەم نرخی بەنزین هەرزان بكات و هەم هەموو ماڵێك بەرمیلێك نەوتی بە 55 هەزار دینار پێ‌ بدات.

ئەمڕۆ لە دوو یاداشتی جیادا بۆ سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كوردستان، پەڕلەمانتاران داوای بانگهێشتتی وەزیری سامانە سروشتییەكان دەكەن بۆ بەردەم پەڕلەمان بۆ لێپرسینەوە لە گران بوونی بەنزین و نەوت.