سەردێر

عاسم جیهاد: سەقامگیریی نرخی نەوت لە هەموو شت گرنگترە

خەڵك
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق پێشوازی لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەكات، بەڵام پێیوایە سەقامگیریی لە نرخدا لە هەموو شت گرنگترە.
عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق ڕۆژی یەكشەممە 17-10-2021 ڕایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ سەروو 80 دۆلار “ئاماژەیەكی ئەرێنییە”، بەڵام سەقامگیریی نرخ لە هەموو شت گرنگترە.

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق ئاماژەی بەوەش كرد، عیراق پابەندی ڕێككەوتنی تایبەت بە بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێك پڵەسە و وتیشی، ڕاستە نرخی نەوت بەرزبووەتەوە، بەڵام لەنێونەبردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا وایكردووە، ئاستەنگی جددی لەبەردەم بازاڕی وزەی جیهاندا بمێننەوە.

ئەو وتەیەی عاسم جیهاد لە كاتێكدایە، ڕۆژی هەینی 15-10-2021 نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا و نرخی نەوتی برێنت بە ڕێژەی 1% بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێك بە 84 دۆلار و 86 سەنت مامەڵەی پێوەكرا. هاوكات نرخی نەوتی سووكی تێكساسی ئەمریكاش نزیكەی 1 دۆلار بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێك بە 82 دۆلار و 28 سەنت مامەڵەی پێوەكرا.