سەردێر

حكومەتی هەرێم كەی بەڵێنەكەی بۆ دابەشكردنی نەوت دەباتەسەر؟

خەڵك-
نرخی نەوتی سپی لە بازاڕەكانی هەرێم ڕوو لە گران بوون دەكات و بەڵێنەكەی حكومەتیش بۆ دابەشكردنی بەرمیلێك نەوتی سپی پێش وەرزی سەرما جێبەجێ‌ نەكراوە و تا ئێستا حكومەتی هەرێم چاوی لە دەستی بەغدایە.

حاجی دلێر، بەرپرسی بەشی فرۆشتن لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، كە تا ئێستا هیچ بڕیارێكیان بەدەست نەگەیشتووە بۆ دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا.

ڕاشیگەیاند، بڕیاری دابەشكردنی نەوت لای وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و ئێمە تەنها كارمان هەڵگرتنی سووتەمەنی و پشكنین و دابەشكردنیەتی، بۆیە هەر كاتێك بەغدا نەوت بنێرێ‌ ئێمە تیممان حازەر بۆ بەتاڵكردن و هەڵگرتن و دابەشكردنی.

جەختیشی كردەوە، كە كاری ئەوان لایەنی جێبەجێكارە و ڕێنماییەكانی دابەشكردن و وەرگرتنی بڕی پارە و بڕی نەوتی دابەشكردن جێبەجێ‌ دەكەین.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاریدا پێش وەرزی زستان و سەرما بەرمیلێك نەوت بداتە هاووڵاتیان، بەڵام تا ئێستا بڕیاری نەداوە لە نەوتی خۆی ئەو كارە بكات و چاوی لە دەستی وەزارەتی نەوتی عێراقە تا بۆیان بنێرێت و ئەمانیش بە زیادكردنی نرخی گواستنەوەكەیەوە دابەشی بكەن.