سەردێر

كشتوكاڵی عیراق: مریشك و هێلكە لە هەرێمی كوردستانەوە هاوردەدەكەین

خەڵك

وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق ڕایدەگەیەنێن، كۆتاییانهێناوە بە رێكارەكان و مێكانیزمی هەماهەنگیكردن لەگەڵ خاوەن پرۆژەكانی بەخێوكردنی پەلەوەر لە هەرێمی كوردستان، تاوەكو بتوانن دەست بە هاوردەكردنی مریشك و هێلكە لە هەرێمەوە بۆ پارێزگاكانی عیراق بكەن.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، كە شاندێكی وەزارەتەكەیان لەمیانەی سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوە لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵی هەرێم ڕێككەوتوون لەسەر دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی نێوان هەردوو وەزارەت و كاركردن بەو ڕێككەوتنامانەی پیشتر لەبارەیانەوە لەسەری پێكهاتوون، لەنێویشیاندا هاوردەكردنی بەرهەمەكانی مریشك و هێلكە و بەبازاڕكردنی بەرهەمە كشتوكاڵی و ئاژەڵییەكان.

وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق ئەوەشی خستووەتەروو، كە وەزارەتەكەیان كار بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و گەیشتن بە كامڵبوونی ئابووری وڵات دەكاتەوە لەڕێگەی گواستنەوەی بەرهەمە كشتوكاڵی و ئاژەڵییەكان لەنێوان پارێزگاكاندا بەو ئامانجەی بەنرخێكی گونجاو بەدەست هاووڵاتی بگات.

وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق ئاماژەی بەوەشداوە، بەنیازن لەمیانەی بەڕێوەچوونی ئەو پێشانگا كشتوكاڵییەدا كەبڕیارە مانگی داهاتوو ڕێكبخرێت ڕێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكان و سەربڕخانەكاندا بۆ ئەو هاوردەكردنەی مریشك و هێلكە بكەن.