سەردێر

بانكی ناوەندی عیراق مامەڵەكردن بۆ بیتكۆینەوە قەدەغە دەكات

خەڵك

لەگەڵ بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای دراوی بیتكۆیندا، بانكی ناوەندی عیراق مامەڵەكردن بەو دراوە ئەلكترۆنییە قەدەغە دەكات.
بانكی ناوەندی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، مامەڵەكردن بەدراوە ئەلكترۆنییەكان لەنێویشیاندا بیتكۆین مەترسییەكی زۆریان لەسەرە، لەنێویاندا ئەو مەترسیانەی پەیوەستن بە فێڵكردن و هاككردنی ئەلكترۆنییەوە.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، بانكی ناوەندی پاڵپشتی لە گشتاندنی نووسراوێك دەكات بۆ قەدەغەكردنی مامەڵەكردن بەو دراوە و لێپرسینەوەكردن لەگەڵ ئەو كەسانەشی مامەڵەی پێوە دەكەن، بەپێی بەندەكانی یاسای سپیكردنەوەی پارە كە لەساڵی 2015دا دەكراوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوی بانكی ناوەندی دراوە ئەلكترۆنییەكان تەنها لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە مامەڵەی پێوەدەكرێت بێ‌ ئەوەی هیچ بوونێكی ماددی هەبێت و تەنها لەڕێگەی ئینتەرنێتیشەوە بۆ كڕین و فرۆشتن بەكاردێت و بەكارهێنەریش دەبێت خاوەنی كارتی بیتكۆین بێت.

پاڵپشتییەكانی بانكی ناوەندی عیراق بۆ قەدەغەی مامەڵە كردن بە دراوی بیتكۆین لە كاتێكدایە ئێستا زۆرێك لە مامەڵەكارانی دراو داوا دەكەن بانكەكە خۆی هاوشێوەی ئەو دراوانە دراوێكی ئەلكترۆنی بۆ شوێنگرتنەوەیان دەربكات بەو پێیەی ئێستا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی عیراق و بازرگانان مامەڵە بە دراوی ئەلكترۆنیەوە دەكەن.