سەردێر

بانكی ناوەندی بڕێكی كەمتر دۆلارى خستە بازاڕەوە و نرخی دراوەكەش بەرزبۆوە

 

خەڵك-
بانكی ناوەندی عیراق، زیاتر لە 206 ملیۆن دۆلاری ئەمریكایی دەخاتە بازاڕەوە كە بە بڕێكی كەمتر لە ڕۆژی پێشوو دادەنرێت و بەوهۆیەوە نرخی دۆلار بەرزبووەوە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، بانكی ناوەندی عیراق، بڕی 206 ملیۆن و 422 هەزار و 600 دۆلاری خستەبازاڕەوە، ئەمەش بە بڕێكی كەمتری ئەو دراوە دادەنرێت بەراورد بە ڕۆژی پێشوو كە 214 ملیۆن و422 هەزار و 600 دۆلار بوو.

بانكی ناوەندی دەڵێت: “لە كۆی گشتی پارەكە 40 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری بەشێوەی كاش فرۆشراوە و ئەوی تر كە 165 ملیۆن و 877 هەزار و 785 دۆلار بوو بۆ پتەوكردنی ڕەسیدی بانكەكان بووە لە دەرەوەی وڵات”.

هەر لە بەیاننامەكەی بانكی ناوەندیدا هاتووە، ”لە پرۆسەكەدا 34 باتك بۆ دابینكردنی داواكاریی پتەوكردنی ڕەسیدی دەرەوە و 9 بانك بۆ دابینكردنی داواكاریی نەختینە و 158 كۆمپانیا بەشدارییان كردووە، هەر دۆلارێكیش بە 1460 دینار فرۆشراوە.

بەهۆی كەمبوونەوەی فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە نرخی دۆلار ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد لە بازاڕەكانی نێوخۆی عیراق و هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلاری ئەمریكایی بە 148 هەزار 650 دینار مامەڵەی پێوەكرا، لەكاتێكدا دوێنێ‌ چوار شەممە كە نرخەكەی بە 148 هەزار و 100 دینار بوو.