سەردێر

بەهۆی بانكی ناوەندییەوە دۆلار بەرزبووەوە

خەڵك-
بانكی ناوەندی عیراق، زیاتر لە 214 ملیۆن دۆلاری ئەمریكایی دەخاتە بازاڕەوە كە بە بڕێكی كەمتر لە ڕۆژی پێشوو دادەنرێت و بەوهۆیەوە نرخی دۆلار بەرزبووەوە.


ئەمڕۆ چوار شەممە، بانكی ناوەندی عیراق، بڕی 214 ملیۆن و422 هەزار و 600 دۆلاری خستەبازاڕەوە، ئەمەش بە بڕێكی كەمتری ئەو دراوە دادەنرێت بەراورد بە ڕۆژی پێشوو كە 256 ملیۆن و 317 هەزار و 371 دۆلار بوو.

بانكی ناوەندی دەڵێت: “لە كۆی گشتی پارەكە 58 ملیۆن و 220 هەزار دۆلاری بەشێوەی كاش فرۆشراوە و ئەوی تر كە 156 ملیۆن و 202 هەزار و 600 دۆلار بوو بۆ پتەوكردنی ڕەسیدی بانكەكان بووە لە دەرەوەی وڵات”.

هەر لە بەیاننامەكەی بانكی ناوەندیدا هاتووە، ”لە پرۆسەكەدا 32 باتك بۆ دابینكردنی داواكاریی پتەوكردنی ڕەسیدی دەرەوە و 9 بانك بۆ دابینكردنی داواكاریی نەختینە و كۆمپانیا بەشدارییان كردووە، هەر دۆلارێكیش بە 1460 دینار فرۆشراوە.

بەهۆی كەمبوونەوەی فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە نرخی دۆلار ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد لە بازاڕەكانی نێوخۆی عیراق و هەرێمی كوردستان، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلاری ئەمریكایی بە 148 هەزار 500 دینار مامەڵەی پێوەكرا لەكاتێكدا لە كاتی بەیانی و كردنەوەی بازاڕدا بە 148 هەزار و 150 دینار بوو.