سەردێر

وادەی دابەشكردنی سێیەم سەبەتەی خۆراك ڕاگەیەنرا

خەڵك-
وەزارەتی بازرگانی عیراق، وادەی دابەشكردنی سێیەم سەبەتەی خۆراك بەسەر هاووڵاتیاندا ڕادەگەیەنێت و ئاماژە بە توانا و مەودای بەردەوامبوونیشی دەكات لە ساڵی داهاتوودا.

محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدراڵ، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”وەزارەتەكەیان كاری كرد بۆ دابەشكردنی سەبەتەكانی یەكەم و دووەمی بەشەخۆراك لە مانگی ئەیلولی ڕابردوو، لەئێستاشدا كاردەكات بۆ ئامادەكردنی سەبەتەی سێیەم و لە مانگی كانوونی دووەمی داهاتوودا بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت”.

جەختیشی كردەوە، ئامادەكردنی ئەم سەبەتە خۆراكیانەش، تا كۆتایی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت.

بە وتەی حەنون، “بابەتی بەردەوامبوونی دابەشكردنی سەبەتەكانی خۆراك یان نەمانی، پشت بە تەرخانكردنی دارایی تایبەت بۆ سەبەتەكانی خۆراك لە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2022 دەبەستێت”.

سەبەتەی خۆراكی، كە لە چوارچێوەی پسووڵەی خۆراكیدا مانگانە دابەش دەكرێت، پێكهاتووە لە ماددەكانی، ئارد، برنج، زەیت، شەكر، لەتكەنۆك، دۆشاوی تەماتە، نیسكی هاڕاو و فاسۆلیا.